لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر 20 خولەکدا کەسێک بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئاماری نوێی رووداوەکانی هاتووچۆی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارە، لە هەر بیست خولەکدا کەسێک بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدات.
 
محەممەدباقر سەلیمی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە جیهاندا رووداوی هاتووچۆ نۆیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانە، بەڵام لە ئێراندا سێیەم هۆکاری زۆریی گیانلەدەستدانی خەڵکە و رۆژانە بەشێوەی تێكڕا 550 کەس لەم وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانلەدەستدەدەن و 600 بۆ 700 کەسی دیکە بریندار دەبن.
 
بەپێی ئەو ئامارە، ئەم ساڵ ژمارەی ساڵانەی گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە سەرووی 20 هەزار کەس. ئەوە لە کاتێکدایە، لە ساڵانی رابردوودا ساڵانە تێکڕا 16 بۆ 17 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، لە حەوت مانگی رابردوودا تەمەنی 53٪ـی ئەوانەی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە کەمتر لە 40 ساڵ بووە و 52٪ـی قوربانییەکان دەستبەجێ و لە شوێنی رووداوەکاندا گیان لەدەست دەدەن؛ 22٪ـی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە ماتۆڕسوار و 20٪ـیشیان پیادە بوون و ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕ خۆیان پێداداون. 
 
بەپێی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، لەو وڵاتە نزیکەی 41 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو هەیە و نزیکەی 27٪ـیان کۆن و لەکارکەوتوون.