وەزارەتی ناوخۆی ئێران: 1.6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی دیپۆرت کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، 1 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەریان دیپۆرتی ئەفغانستان کردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەن نزیکەی نیو ملیۆنیان دووبارە گەڕابنەوە ئێران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی پێنج ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران دەژین.
نادر یارئەحمەدی، بەرپرسی ناوەندی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچبەرانی بیانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، پێشتر ژمارەی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران نزیکەی 6 ملیۆن و 100 هەزار کەس بوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیان، ژمارەیان بۆ 5 ملیۆن کەس دابەزیوە.
نادر یارئەحمەدی دەڵێت، لە سەرەتای هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە نایاساییەکانەوە یەک ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری نایاسایی ئەفغانستانی دیپۆرت کراونەتەوە.
بەرپرسی ناوەندی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچبەرانی بیانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران باس لەوەش دەکات، ئێستاش چوونی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان بۆ ئێران بەردەوامە و بە پێی مەزەندەکانیان لەنێوان 400 هەزار بۆ 500 هەزار کەس لەو پەنابەرانەی دیپۆرت کرابوونەوە، دووبارە بە نایاسایی گەڕاونەتەوە ئێران.
نادر یارئەحمەدی دەشڵێ، لە سەرەتای پاییزەوە هاتنی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان بۆ ئێران زیاتر بووەتەوە.
لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، دەرکردنی پەناخوازانی ئەفغانستانی لە ئێران زیاتر بوو، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان تۆمەتبار دەکرێن بە سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەو هێرشەدا.