هێرشکرایە سەر دادگەی لارستانی ئێران و 8 کەس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای فارس رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باڵەخانەی دادگەی لارستان، هەشت کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندارن،  بەپێی زانیاری بەرپرسانی پارێزگاکە دۆخی تەندروستیی سەرۆکی دادگە و داواکاری گشتیی شارەکەش ناجێگیرە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای فارس رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر باڵەخانەی دادگای لارستان. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 8 کەس کوژراون کە یەکێکیان فەرمانبەری دەزگای دادوەری، پارێزەرێک و 6 هاووڵاتین کە بۆ راییکردنی کارەکانیان لەناو دادگەکەدا بوون.
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، دوای هێرشەکە تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە 47 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکە بهێننە دەرەوە.
 
سەرۆکی گشتیی دادوەریی فارس ئاشکرای کردووە کە 12 لە بریندارەکانی هێرشەکە دۆخی تەندروستییان "زۆر خراپە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەنێو بریندارەکاندا، هەریەک لە سەرۆکی دادگای لارستان و داواکاری گشتیی شارەکە هەن.