فریاکەوتنی ئێران: 427 کەس لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فریاکەوتی ئێران رایگەیاند زیاتر لە 400 کەس لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری بریندار بوون و بەشێکیان ئەندامێکی جەستەیان لە دەستداوە.
سێشەممە 17ی ئاداری 2026، جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، "427 کەس لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری بریندار بوون و 20 کەس لەوانە ئەندامێكی جەستەیان لە دەستداوە."
جەعفەر میعادفەر گوتی، "لەو 427 کەسەی بریندار بوون، 100 کەسیان جەستەیان سووتاوە و 91 کەسیان چاویان بریندار بووە." گوتیشی، "زۆرترین بریندار لە پارێزگاکانی ئەردەبیل، ورمێ و کرماشان بوون."
پێشتر وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە رێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی دابوو لە هەوڵی سەربازانی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لە یادی چوارشەممەسووری دا.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی چوارشەممەسووری ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی هەتاوی و کوردی بەڕێوەدەچێت. ئەو بۆنەیە بە ئاگرکردنەوە و شاییکردن بەڕێ دەکرێت، بەڵام لە ساڵانی دواییدا تێکەڵ بە بەکارهێنانی یاریی ئاگرینی مەترسیدار کراوە و برینداربوون و گیانلەدەستدانی زۆری لێکەوتووەتەوە.