ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: هێرشی سەر وێستگەی بوشەهر پێشێلکردنی ئاسایشی ئەتۆمییە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە هێرشەکەی سەر نزیک وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران، زیان بەر ریاکتۆرەکان نەکەوتووە، بەڵام دەڵێت، هێرشەکە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "هەرچەندە هیچ زیانێک بەر خودی ریاکتۆرەکان نەکەوتووە و هیچ کارمەندێک بریندار نەبووە، بەڵام هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکان یان لە نزیکیان، ئەو 7 کۆڵەکە سەرەکییە پێشێل دەکات کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەتۆمی لە کاتی ململانێی چەکداریدا دانراون و نابێت کارێکی وا رووبدات."
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، پاشماوەی پارچەیەکی مووشەک بەر نێوەندی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە، کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی کەنداو و تاقە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
هاوکات کۆمپانیای "رۆساتۆم"ـی رووسی، کە سەرپەرشتیاری وێستگەکەیە، دڵنیایی داوە ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکەدا ئاساییە و هیچ مەترسییەک نییە، بەڵام چاودێران هۆشداری دەدەن هەر هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر تەنە کاراکانی وێستگەکە، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدەر و دروستبوونی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە لە تەواوی ناوچەکەدا.
 
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکردووە؛ تاران جگە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان، چەندین جار ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداویشی کردووەتە ئامانج.