لە چوارشەممەسووری دا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 945 کەس برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، ئاماری قوربانییانی رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووریی ئەمساڵی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
 
جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، "لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووریی ئەم ساڵدا، کۆی گشتی 945 کەس بریندار بوون و 2 کەسیش گیانیان لەدەستداوە."
 
سەبارەت بە شوێنی گیانلەدەستدانەکان، میعادفەر ئاشکرای کرد هەردوو گیانلەدەستدانەکە لە پارێزگای فارس تۆمار کراون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی قوربانییان بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؛ بەجۆرێک ژمارەی گیانلەدەستدان 90٪ و ژمارەی بریندارەکان 70٪ کەمی کردووە.
 
سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتن وردەکاریی بریندارەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:
 
40 کەس  بڕینەوەی ئەندامێکی جەستە.
 
240 کەس پێکان و زیان گەیشتن بە چاو.
 
200 کەس سووتانی بەشێکی جەستە 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا زۆرترین ژمارەی بریندارەکان لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و ئەردەبێڵ تۆمار کراون.
 
ساڵانە رێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بەکارهێنانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەوە، زۆرجار قوربانیی لێدەکەوێتەوە.