سوپای پاسداران، لە پارێزگای ئەلبورز 75 کەسی بە تۆمەتی 'سیخوڕی و ئاژاوەگێڕی' دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران، لە پارێزگای ئەلبورز رایگەیاند، 75 کەسیان وەک "توخمە سەرەکییەکانی" پەیوەندیدار بە گرووپە تیرۆریستییەکان، موجاهیدینی خەلق، پاشایەتیخوازەکان و تۆڕە نەیارەکان دەستگیرکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای پاسدارانی ئەلبورز، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بەوەی وێنە و ڤیدیۆی ساتی کەوتنی مووشەکەکانیان بۆ سەر "شوێنە هەستیارەکانی وڵات" تۆمارکردووە و بۆ کەناڵە "نەیار و تیرۆریستییەکانی" وەک ئێران ئینتەرناشناڵیان ناردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئەو کەسەیە کە لە کاتی خۆپێشاندانی شەوانەی گەڕەکی گوڵشەهری شاری کەرەج، بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردبووە سەر خەڵک و بەشداربووانی شێلابوو.
 
سوپای پاسداران، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا چەندین کەس هەن کە وێنەی "رێبەری شەهید"یان سووتاندووە و سووکایەتییان پێکردووە. هەروەها دەست بەسەر گرووپێکی "هاکەر"دا گیراوە کە لە رێگەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە پەیوەندییان بە تۆڕە دەرەکییەکانەوە کردووە.
 
ئەم شەپۆلەی دەستگیرکردن لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران، دۆخی ئەمنیی نێوخۆی ئەو وڵاتە توندوتۆڵیی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینیوە.