ئێران تەنگەی هورمزی داخستەوە و تەقە لە چەند کەشتییەک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمزیان جارێکی دیکە بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا داخستووەتەوە.
 
رۆژی شەممە 18-04-2026 ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا، تاران بڕیاریداوە جارێکی دیکە تەنگەی هورمز دابخاتەوە.
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئێران کە بۆ ئاژانسەکە دواوە، واشنتنی بە "چەتەی دەریا" تۆمەتبار کرد و گوتی، "تاوەکو ئەمریکا لەسەر ئازادیی تەواوەتیی کەشتیوانی رێکنەکەوێت، دۆخی تەنگەی هورمز وەک پێشوو لەژێر کۆنترۆڵێکی تونددا دەمێنێتەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەوەتەی دەستپێکردنی گەمارۆکانیان لەم هەفتەیەدا، 23 کەشتی پابەندی رێنماییەکان بوون و گەڕاونەتەوە.
 
لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا و ئاژانسی (UKMTO)ی بەریتانی بۆ چاودێریی بازرگانیی دەریایی ئاشکرایان کردووە، هێزەکانی ئێران تەقەیان لە چەندین کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی "ئاکسیۆس"ی راگەیاندووە رۆژی شەممە لانیکەم 3 هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجامدراون.
 
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی "تانکەر تراکەرز"، دوو لەو کەشتییانەی تەقەیان لێ کراوە هیندی بوون؛ یەکێکیان 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو.
 
تۆمارە دەنگییەکانی ناو کەشتییەکان نیشانی دەدەن یەکێک لە کەشتییەکان سەرەتا مۆڵەتی تێپەڕبوونی پێدراوە، بەڵام دواتر تەقەی لێ کراوە و ناچار کراوە بگەڕێتەوە.
 
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نیشاندابوو.
 
ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاندبوو پێشبینی دەکات لە ماوەی 1 بۆ 2 رۆژدا رێککەوتن واژۆ بکرێت و ئاماژەی بەوە کردبوو کە تاران رازی بووە بۆ هەمیشە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
 
هەروەها رۆژى شەممە 18ى نیسان لە مەراسیمێکى واژۆکردنى بڕیارێکى سەرۆکایەتى لەبارەى داخستنی تەنگەکە گوتى، "ئێران بڕیاریداوە تەنگەکە دابخات، ناتوانن بەمشێوەیە گوشارمان لێبکەن و ئیبتیزازمان بکەن، بەڵام لەگەڵیان لە گفتوگۆداین و چارەسەرى دەکەین."