سوپای پاسداران: تەنگەی هورمز لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بە تەواوی داخرا
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەر و کەشتییەکانی ئێرانی هەڵنەگرتووە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تەنگەی هورمزیان بە رووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا داخستووە و هۆشداریش دەداتە هەر کەشتییەک کە لە تەنگەکە نزیک ببێتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا، کە رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026 بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی بە کەشتییە ناسەربازییەکان دا لە "کریدۆری لارک"ـەوە تێپەڕ بن، ژمارەیەک کەشتی بە هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی سوپای پاسداران لە تەنگەی هورمز تێپەڕین.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست و هەڵنەگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا دووژمنەوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تەنگەی هورمز تاوەکو هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە بە داخراوی دەمێنێتەوە."
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند دەداتە هەموو کەشتییەکان و رایدەگەیێنێت: "هیچ جۆرە کەشتییەک لە شوێنی لەنگەرگرتنی خۆی لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان نەجووڵێت؛ هەر نزیکبوونەوەیەک لە تەنگەی هورمز وەک هاوکاریی دووژمن ئەژمار دەکرێت و کەشتیی سەرپێچیکار دەکرێتە ئامانج."
هەروەها هێزی دەریایی سوپای پاسداران داوا لە خاوەن کەشتییەکان دەکات تەنیا لە رێگەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئەوان و پەیوەندیگرتن بە "کەناڵی 16"ـەوە هەواڵەکان وەربگرن و دەڵێت: "قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەنگەی هورمز و کەنداوی فارس هیچ بایەخێکیان نییە."
ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن.
ئێستا بەم بڕیارە نوێیەی تاران، ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردوولا کە بڕیار بوو 2 هەفتە بخایێنێت، کەوتووەتە لێواری هەڵوەشاندنەوە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی جەنگی دەریایی لە ناوچەکەدا زیادی کردووە.