راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی: دان بە خۆماندا ناگرین و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا کۆتایی پێدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێ، "گەمارۆی دەریایی ئەمریکا وەک هەڵگیرسانی شەڕ دەبینین و لەمە زیاتر دان بە خۆماندا ناگرین." ئاماژە بەوەش دەکات، "ئامۆژگاریم بۆ سوپای ئەمریکا ئەوەیە کە پێش ئەوەی دەریای عومان ببێتە گۆڕستان بۆ کەشتییە جەنگییەکانتان، خۆتان پاشەکشە بکەن."
موحسین رەزایی، شەوی رابردوو لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، لەبارەی دۆخی تەنگەی هورمز، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەرنامەی ئەتۆمی، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا قسەی کرد.
رەزایی بە ئاماژەدان بەوەی کە گەمارۆی دەریایی بە شەڕ دەزانن و کۆتایی پێدەهێنن، گوتی، "ئێمە ئەمە بە مافی خۆمان دەزانین و دەبێت ئەم گەمارۆیە هەرچی زووترە هەڵبگیرێت."
رەزایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، "ئێمە بەرگەی گەمارۆ ناگرین. هێزە چەکدارەکانمان بە مافی سرووشتیی خۆیانی دەزانن رووبەڕووی ئەم شەڕە ببنەوە. ئامۆژگاریم بۆ سوپای ئەمریکا ئەوەیە پێش ئەوەی دەریای عومان ببێتە گۆڕستان بۆ کەشتییە جەنگییەکانتان، خۆتان پاشەکشە بکەن."
دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا
راوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، ئاماژەی بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا کرد و گوتی، "ئێمە چەندین جار لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆمان کردووە و تەنانەت گەیشتووینەتە رێککەوتنیش، بەڵام ئەوان لە هەموو دۆخەکاندا پەیمانشکێنییان کردووە."
موحسین رەزایی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت، "یەکەمجار کە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ و رێککەوتنمان کرد، لەسەر پرسی بارمتە ئەمریکییەکان بوو. ئێمە بەڵێنەکەمان جێبەجێ کرد، بەڵام ئەوان نەیانکرد. دوای ئەوەش لە چەندین باری دیکەدا رێککەوتنەکەیان پێشێل کرد. نموونەیەکی دیکەش پرسی بارمتەکان بوو لە لوبنان کە بەڵێنیان دا کارێکی گەورەمان بۆ بکەن، بەڵام دیسان بەڵێنەکەیان شکاند."
رەزایی ئاماژە بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکاش دەکات و دەڵێت، "لەم گفتوگۆیانەی دواییشدا، ئەوان 10 خاڵەکەی ئێرانیان قبووڵ کرد، بەڵام دواتر پاشگەز بوونەوە. با گەلی ئێران بزانن کە ئێمە لە گفتوگۆکاندا جیدین، بەڵام دووژمنانیش بزانن کە لە گۆڕەپانی کردار و بەرگری لە ئێران جیدیترین و دەبێت ئەوان هەنگاوێکی کردەیی بنێن."
"بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیخوازانەیە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رەزایی باسی لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کرد و رایگەیاند، "تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش پێش شەڕی 12 رۆژە رایانگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات ئێران خەریکی دروستکردنی بۆمبە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش چەندین جار گوتوویەتی، چالاکییەکانی ئێران لە چوارچێوەیەکی ئاشتیخوازانەدان."
راوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی دەڵێت، "ئێمە ئەندامی رێکخراوی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمین و لەژێر چاودێریی تەواودا کار دەکەین. جگە لەوەش، فەتوای رێبەرە شەهیدەکەمان لەبارەی حەرامبوونی بۆمبی ئەتۆم وەک خۆی ماوەتەوە."
هۆشداریدان بە ئیمارات
رەزایی باسی لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئیمارات کرد و گوتی، "ئیمارات بە وەستان لە بەرەی ئیسرائیل، هەڵەیەکی زۆر گەورە دووبارە دەکاتەوە. پرسیاری ئێمە لە ئیماراتییەکان ئەوەیە، ئایا ئێوە رازی دەبن ئەبوزەبی لەدەستبدەن و خۆتان بکەنە قوربانیی بیروباوەڕی ئیسرائیل؟"
باسی لەوەش کرد، "ئێمە هێشتا رێگەی گەڕانەوەی ئەبوزەبیمان بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ئێران دانەخستووە، بەڵام دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیی ئێمە سنوورێکی هەیە و دەبێت بەرپرسانی ئیمارات ئاگادار بن."
سەردانی ترەمپ بۆ چین
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موحسین رەزایی تیشکی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین و گوتی، "یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەمریکا لە زاری هاوتا چینییەکەیەوە دەستەواژەی (ئەمریکا لە لێواری کەوتندایە) دەبیستێت."
رەزایی باسی لەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە ئەنجامی خۆڕاگریی ئێرانە بەرامبەر ئەمریکا و گوتی، "هەمووان دەزانن ئەمریکا لە شوێنێکدا شکستێکی زۆر سەختی خواردووە و ئەوەش بەدەستی ئێران بووە."
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی رێبەری ئێران، سەردانی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ چین، پێویستیی زۆری ئەمریکای بە چین نیشان داوە، "ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا لە پێگەیەکی نزمترەوە مامەڵە لەگەڵ چین دەکات. ئەم گۆڕانکارییانە بەرهەمی خۆڕاگریی گەلی ئێرانە و بە دڵنیاییەوە کاریگەریی باشی لەسەر ئابووری، سیاسەت و پێشکەوتنی ئێرانیش دەبێت."
سەبارەت بە قسەکانی سەرۆکی چین تایبەت بە تەنگەی هورمزیش، رەزایی ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر بەڕێز شی جینپینگ گوتوویەتی دەبێ تەنگەی هورمز کراوە بێت، مەبەستی بازرگانییە نەک لەشکرکێشی و نائارامی."
رەزایی دەشڵێت، "تەنگەی هورمز بۆ بازرگانی کراوەیە، بەڵام بۆ هاتنی هێزە بیانییەکان و دروستکردنی نائارامی، داخراوە. ئێمە نامانەوێ باجی لەشکرکێشیی ئەمریکا لە 10 ساڵی داهاتوودا دژی چین بدەین."