میدیای ئێران: ئەمریکا رازی بووە سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵپەسێرێت

رووداو دیجیتاڵ     
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی  دانوستاندنکاری ئەمریکا-ئێران بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاندووە،  ئەمریکاییەکان بە پێچەوانەی دەقەکانی پێشوویان، لە دەقێکی نوێدا رازی بوون کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکاندا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵپەسێرن.
 
هەڵپەساردنی سزاکان، بە واتای لادانی کاتیی سزاکان دێت. ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ ئاژانسی نیمچە فەرمیی (تەسنیم) کردووە، گوتیشی، ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەڵگرتنی هەموو سزاکان بەشێک بێت لە پابەندییەکانی واشنتن، بەڵام لایەنی ئەمریکایی تەنیا پێشنیازی هەڵپەساردنی سزاکانی ئۆفاکی (OFAC) کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەگەنە لێکتێگەیشتنی کۆتایی.
 
ئۆفاک (OFAC)  کورتکراوەی (Office of Foreign Assets Control)ـە، کە بە واتای نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان دێت. ئەم فەرمانگەیە یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین دامەزراوەکانی ژێر چاودێریی وەزارەتی گەنجینەی  ئەمریکا.
 
ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە دانوستاندنەکان چووەتە قۆناخێکی هەستیارەوە و هەردوو لایەن هەوڵ دەدەن لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەورووپاییەکان بگەنە ئەنجامێکی گشتگیر، بەو پێیەی  چیدیکە کات لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.