ئێران لە شوێنە گشتییەکان و ستۆدیۆکاندا مەشقی چەک بە هاووڵاتییان و منداڵان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران پڕۆژەیەکی نوێی بۆ مەشقکردن بە چەک لە شوێنە گشتییەکان و ستۆدیۆکانی میدیای فەرمی دەستپێکردووە. پڕۆژەکە تەنیا بۆ کەسانی گەورە نییە، بەڵکو منداڵانی تەمەن خوار 18 ساڵیش لەنێو مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا فێری بەکارهێنانی چەک دەکرێن.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران و شوێنە گشتییەکان بوونەتە مەیدانی فێربوونی چەک. هاووڵاتییەک کە لەگەڵ خێزانەکەی بەشداریی مەشقەکانی کردووە، بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ بنەماڵەکەم هاتووین، تەنانەت نەوەکانیشم هێناوە، هەموومان دەبێت کارکردن بەم چەکە فێربین بۆ بەرگری لە وڵاتەکەمان."
هاووڵاتییەکی دیکە کە وەک خۆبەخش بەشداریی کردووە، دەڵێت: "وەک خۆبەخش بۆ بەرگری لە وڵاتەکەم هاتوومەتە ئێرە."
پێگەی سەربازیی ئێران
بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی "گلۆبەڵ فایەر پاوەر" بۆ ساڵی 2024، ئێران لە پلەی 16یەمی وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی پێگە و هێزی سەربازییەوە. کۆی گشتیی ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی ئێران دەگاتە یەک ملیۆن و 180 هەزار کەس، کە بەمشێوەیە دابەش بوون:
610 هەزار کەسیان لە هێزی چالاکدان. 350 هەزار کەسیان هێزی یەدەگن.
مەشقکردن بە منداڵان
سەرەڕای ئەو هێزە گەورەیە، حکومەتی ئێران باس لەوە دەکات کە وڵاتەکە لە دۆخی جەنگدایە و پێویستی بە هێزی زیاتر هەیە. ئەوەی سەرنجی ناوەندە جیهانییەکانی ڕاکێشاوە، بەشداریکردنی منداڵانی تەمەن خوار 18 ساڵە لەم مەشقە سەربازییانەدا.
منداڵێکی تەمەن خوار 18 ساڵ کە لەنێو مزگەوتێکدا مەشق دەکات، دەڵێت: "هاتووینەتە نێو مزگەوت بۆ ئەوەی کارکردن بە چەک فێربین و فێری رووبەڕووبوونەوەی دووژمن بین."
پڕۆژەی "گیان فیدا"
ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ گرژییەکان، پڕۆژەیەکیان بەناوی (گیان فیدا) راگەیاندووە. ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بەو کەسانەی دەیانەوێت بە شێوەی خۆبەخش وەک سەرباز بەشداری لە شەڕەکاندا بکەن.
بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران، ئەم هەڵمەتە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 31 ملیۆن کەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژەیەدا تۆمارکردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی جەنگ کە رووبەڕووی وڵاتەکە ببێتەوە.