ئیسرائیل دامەزراوەی مووشەکیی خۆجیر لە تاران دەکاتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
میدیای سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەی مووشەکیی خۆجیر لە نزیک تاران؛ دەشڵێت، پێشتر دامەزراوەکە گوێزراوەتەوە ژێرزەوی و هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18-06-2025، میدیای سوپای پاسداران رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر دامەزراوەی مووشەکیی خۆجیر لە نزیک تارانی پایتەخت، بەڵام هیچ زیانێک بە دامەزراوەکە نەگەیشتووە.
بە گوێرەی میدیاکە، ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2024ـیش هێرشی کردووەتە سەر ئەو دامەزراوە مووشەکییە، ''بەڵام ئەوکاتیش باڵەخانەکان چۆڵ بوون و زۆربەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مووشەک لە خۆجیر، گوێزرابووەوە ژێرزەوی، بۆیە هیچ زیانی پێنەگەیشت.''
خۆجیر یەکێک لە سەرەکیترین دامەزراوەی بەرهەمهێنانی مووشەکە لە ئێران و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی تاران. هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند کە هێرشێکی قورسیان کردووەتە سەر رۆژهەڵاتی شارەکە.
جەنگی راستەوخۆی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ پێی ناوەتە شەشەم رۆژەوە و هەردوولا بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
لە دوایین پێشهاتەکاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هەرگیز سازش بۆ ئیسرائیل ناکەن و پێویستە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە. هاوکات میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لە چەند کاژێری داهاتوودا هەژەندێکی گەورەیان دەبێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشگەز بووەتەوە.