میدیای ئێران: تۆڕێکی سیخوڕیی مۆساد هەڵوەشێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای ئێران، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای کۆھگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد، تۆڕێکی ''سیخوڕی''ـی مۆسادیان هەڵوەشاندووەتەوە و چەند کەسێکیان دەستگیرکردوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-06-2025، میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، لە درێژەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای کۆھگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد ، چەند کەسێکیان بە تۆمەتی ''سیخوڕی''ـی بۆ مۆساد دەستگیرکردوون.
وەکو میدیای ئێران دەڵێت، ''ئەو تۆڕە سیخوڕییە، مەبەستیان بوو بە ئامادەکردنی چەک و دابەشکردنی کار لە شارە جیاجیاکانی پارێزگاکە، کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدەن''.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران و وەزارەتی هەواڵگری، هەڵوەشاندەوەی چەندین ''تۆڕی سیخوڕی''ـیان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، زەنجان و لوڕستان راگەیاندبوو.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە حەوتەم رۆژەوە و هەردوو وڵات بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
لە دوایین پێشهاتەکاندا سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بە مووشەکی دوورمەودای سجیل، ژمارەیەک ناوچەی لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بە 50 فڕۆکە چەندین ئامانجی لە تاران و شارەکانی دیکەیئێران پێکاوە.