خامنەیی: هیچ بەزەییەک بەرامبەر زایۆنییەکان نیشان نادەین

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ "بەزەییەک" بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نیشان نادات، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای "رادەستبوونی بێمەرجی"ـی تارانی کرد.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی چوارشەممە، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "دەبێت وەڵامێکی تووندی رژێمی زایۆنیی تیرۆریست بدەینەوە. هیچ بەزەییەک بەرامبەر زایۆنییەکان نیشان نادەین."
 
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لەسەر سەکۆی "Truth Social" رایگەیاند، وڵاتەکەی "شوێنی خۆحەشاردانی" رێبەری باڵای ئێران دەزانێت، بەڵام هۆشداریی دا کە "ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت" ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل و سەربازانی ئەمریکی بەردەوام بن.
 
ترەمپ لە پۆستەکەیدا بە ئاشکرا هێڵی سووری بۆ ئێران دیاریکرد و نووسی، "ئێمە بە دروستی دەزانین ئەو کەسەی پێی دەگوترێت 'رێبەری باڵا' لە کوێ خۆی حەشارداوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لەوێ سەلامەتە - ئێمە لەناوی نابەین (نایکوژین)، لانیکەم بۆ ئێستا نا." 
  
"دەترسین ئێران سەرەتا هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا"
 
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، دوای گەڕانەوەی لە لووتکەی وڵاتانی گرووپی 7 لە کەنەدا، لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە. تاوەکو ئێستا نازانرێت بڕیاری کۆبوونەوەکە چی بووە. 
 
میشێل ئۆرین، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێت، بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی دژی تێوەگلانی ئەمریکان لە جەنگێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.  
 
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر ئێران سەرەتا هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، ترەمپ رووبەڕووی گوشارێکی زۆر دەبێتەوە لەلایەن بەرپرسانی کۆشکی سپی. 
 
میشێل ئۆرێن پێیوایە، ئەگەر ئەوە رووبدات، ترەمپ گوشار لە ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و دەست بە گفتوگۆی دیپلۆماسی بکات. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل رۆژی هەینیی رابردوو 13ـی ئەم مانگە بۆ سەر تاران دەستیان پێکرد. دواتر ئێران هێرشی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە.