ئێران: متمانەمان بە دراوسێکانمان هەیە رێگە بە ئەمریکا نەدەن لە خاکەکەیانەوە هێرش بکاتە سەرمان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی لەلایەن دەسەڵاتێکی "کۆمەڵکوژ"ەوە هێرشی کراوەتە سەر و "بە تەواوی هێزەوە" بەرگری لە خۆی دەکات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای عەرەبی راگەیاند، ئێستا وڵاتەکەی تەنیا سەرنجی لەسەر کردنەئامانجی ئیسرائیلە. ئاماژەی بەوەش کرد، متمانەی بە دراوسێکانی هەیە کە رێگە بە ئەمریکا نەدەن خاکیان بۆ هێرشکردنە سەری بەکاربهێنێت.
بەقایی گوتی، "ئێستا سەرنجمان لەسەر بەرگریکردنە لە خۆمان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل. لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیشدا زۆر بە وریایی و بەرپرسیارانە مامەڵەمان کردووە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لەسەر ئەو بنچینەیەش سوپای وڵاتەکەی بنکە سەربازییەکان و بنکە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
بەقایی دەڵێت، "پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە، ئەوانیش زۆر ئاگاداری ئەو راستییەن ئیسرائیل هەوڵی داوە هێزی دیکە رابکێشێتە نێو جەنگەوە... دڵنیاین ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە میوانداریی بنکەکانی ئەمریکا دەکەن، رێگە نادەن خاکیان دژی دراوسێ موسڵمانەکانیان بەکاربهێندرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هیچ وڵاتێک بنەمای یاسایی نییە بۆ ئەوەی رێگە بە لایەنی سێیەم بدات خاکی دژی وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنێت و گوتی، "باوەڕم وایە ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێمان رێگە نادات هیچ لایەنێکی سێیەم خاکیان بە خراپی بەکاربهێنێت."