وەزیری ناوخۆی ئێران: 1.2 ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی دیپۆرت کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێران لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان بەردەوامە و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، یەک ملیۆن و 200 هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران بۆ وڵاتەکەیان گەڕێندراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئابی 2025، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران کە بە سەردانێک گەیشتە شاری مەشهەد، ناوەندی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، پرۆسەی ناردنەوەی پەنابەرە ئەفغانستانییە نایاساییەکان بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی، زیاتر لە 70%ـی ئەو کەسانەی دیپۆرت کراونەتەوە، گەڕانەوەیان بە ئارەزووی خۆیان بووە و ئەوانەی دیکەش دوای گواستنەوەیان بۆ کەمپەکانی سەر سنووری لە پارێزگاکانی خۆراسانی رەزەوی و سیستان و بەلووچستان، بۆ ئەفغانستان گەڕێندراونەتەوە.
بە گوتەی ئەسکەندەر موئمینی، بە پێی پلانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 800 هەزار پەنابەری دیکەی ئەفغانستانی لە ئێران بنێردرێنەوە، بەوەش ژمارەی ئەو پەنابەرە ئەفغانستانییانەی دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ دوو ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، تاران مۆڵەتی دەرچوونی ئارەزوومەندانەی پەنابەرە ئەفغانستییەکانی تاوەکو 6ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ درێژکردووەتەوە و ئەگەر کەسێک لە دوای ئەو وادەیە لە نێو خاکی ئێران بێت، سزای نیشتەجێبوونی نایاسایی بەسەریدا دەسەپێنرێ، کە سزاکەی دەکرێت دارایی یان زیندانیکردنیش بێت.
لە 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە دەیان کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی یان هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستگیرکراون، بەشێکیان خەڵکی ئەفغانستانن.
وەزیری ناوخۆی ئێران پێشتر لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان رایگەیاندبوو، تاران دژایەتیی پەنابەران ناکات و سیاسەتی دژە پەنابەر پەیڕەو ناکات، بەڵام ژمارەیان لە ئێران زۆرە و وڵاتەکەی بەرگەی ئەو هەموو پەنابەرە ناگرێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، نزیکەی 6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران نیشتەجێن، کە زۆربەیان بە نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.