ئێران هۆشداری دەدات: رەنگە لە هەر کاتێک شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئێران هۆشداری دا و رایگەیاند، رەنگە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل "لە هەر کاتێکدا" دەستپێبکاتەوە و ئارامیی ئێستای دوای ململانێ 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی بە راوەستانێکی کاتی وەسفکرد.
 
رۆژی دووشەممە، 18-08-2025 محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند: "پێویستە هەموو ساتێک بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادەبین؛ ئێستا ئێمە تەنانەت لە رێککەوتنێکی ئاگربەستیشدا نین؛ ئێمە لە دۆخی راگرتنی پێکدادانین."
 
لە شەڕەکەی مانگی حوزەیراندا، ئیسرائیل بۆردومانی بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژران، کە لەنێویاندا فەرماندەی باڵا و زانایانی ئەتۆمی هەبوون. ئێرانیش لە وەڵامدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە دەیان کەس لەو وڵاتە کوژران.
 
ئەمریکا لە 24ـی حوزەیراندا راگرتنی شەڕی راگەیاند، دوو رۆژ دوای ئەوەی بە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتە ناو شەڕەکەوە؛ بەڵام هیچ رێککەوتنێک بۆ فەرمیکردنی ئاگربەستەکە واژۆ نەکرا، بەڵکو تەنیا راوەستانێکی رانەگەیێندراوی شەڕ و پێکدادان بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبوو کە وڵاتەکەی "پلانی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە دەکات."
 
سەفەوی لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی "شەرق" بڵاویکردووەتەوە، گوتی: "ئێمە ئێستا لە ئاگربەستدا نین، ئێمە لە قۆناخی جەنگداین، رەنگە هەموو ساتێک هەڵبوەشێتەوە، هیچ پرۆتۆکۆڵ و رێککەوتنێک لەنێوان ئێمە و ئیسرائیلییەکان، لەنێوان ئێمە و ئەمریکییەکاندا نییە."
 
هەروەها گوتیشی: "ئاگربەست واتە راگرتنی هێرشەکان؛ ئەوە رەنگە لە هەر کاتێکدا بگۆڕێت."
 
لەو کاتەوە، بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەیان بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام ئامادەی رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەیە.
 
وڵاتانی رۆژئاوا ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە رێگەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە تۆمەتبار دەکەن، تۆمەتێک کە تاران بە تووندی رەتیدەکاتەوە.
 
دوای شەڕەکە، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنەوەیان لە ئێران کرد، ئەگەر تاران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هۆشداریداوە کە ئێران تاکە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە کە یۆرانیۆم بە رێژەی 60% دەپیتێنێت؛ کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67%ـەوەیە کە لە رێککەوتنی نێودەوڵەتیی ساڵی 2015ـدا دیاریکرابوو. ئەم رێژەیەش تەنیا هەنگاوێکی کورتە لە رێژەی 90%ـی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
 
هەفتەی رابردوو، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە هەموویان واژۆکەری رێککەوتنی 2015 بوون، هەڕەشەی سەپاندنەوەی ئەو سزایانەیان کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە هەڵگیرابوون.
 
ئێران هۆشداریی لە ئەگەری دەرئەنجامی مەترسیدار داوە و هەندێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بە ئەگەری کشانەوەی تاران لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە.