بۆ 'کەمکردنەوەی گوشار لەسەر کارەبا' لە تاران رۆژی شەممە کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری تاران دەڵێت، بە مەبەستی کەمتر بەکارهێنانی وزە و ئاو، رۆژی شەممەی داهاتوو لە پارێزگاکە دەکرێتە پشوو.
 
رۆژی دووشەممە، 18ی ئابی 2025، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، "بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبا و کەمتر بەکارهێنانی ئاو، رۆژی شەممە 23ی ئاب سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان و بانکەکان دەبێتە پشوو."
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان دەڵێت، پشووەکە، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەکو نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان داوای لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە کرد، لە کاتی پشوو سیستمی فێنککەرەوە بکوژێنەوە.
 
هەروەها پارێزگاری تاران، داوای لە خەڵک کرد، دەست بە بەکارهێنانی کارەبا و ئاو بگرن.
 
جگە لە تاران چەند پارێزگای دیکە لە ئێران رۆژی شەممەی داهاتوویان کردووەتە پشوو.
 
پشووەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە پێنجەم هەفتە، لە مانگی رابردوو پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەوە و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.
 
کەمی کارەبا و ئاو لە کاتی گەرمادا هۆکاری سەرەکی پشووکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن.