گرانی لە ئێران؛ بەشێک لە خەڵک ناتوانن پێداویستیی رۆژانەش بکڕن
رووداو دیجیتاڵ
گرانی و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵاکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی نیگەران کردووە، بەشێکی خەڵک تەنانەت توانای کڕینی پێداویستی رۆژانەی ژیانیشیان نەماوە.
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "ئێمە ئەوە دەزانین، وڵاتێک کە چەندین دەیەیە یان لانیکەم دەیەیەکە گەشەی ئابوورییەکەی رێژەیەکی کەمە، ئاساییە کە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە وڵاتێکی وەهادا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەموو هەوڵەکانی حکومەت لەو پێناوەدایە."
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی پزیشکیان تاوەکو ئێستا، نرخی زۆربەی کاڵا و پێدوایستییە سەرەکییەکانی خەڵک بە تایبەت نان، برنج، گۆشت، شەکر و خواردەمەنییەکانی دیکە، بەراورد بە پار لە نێوان 50٪ تاوەکو دوو 150٪ بەرزبووەتەوە.
حکومەتی ئێران دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر خراپتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتەکە هەبووە، بەڵام توانیویانە قۆناخە سەختەکە تێپەڕێنن.
محەممەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، "بەهۆی جەنگی 12 رۆژە داهاتی حکومەت کەمی کرد و ئەوەش قووڵتربوونەوەی کورتهێنانی بودجەی لێکەوتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی پاکێجەکانی حکومەت بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتی پیشەسازی، کۆکردنەوەی بەشێک لە داهاتی حکومەت دواکەوت و ئەمەش کورتهێنانی بودجەی زیاتر کرد. ئاسایی بوو کە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا یەکێک لە کارە گرنگەکانمان دابینکردنی داهات بێت بۆ حکومەت."
بەهۆی بەردەوامیی دۆخی خراپی ئابووری و لەدەستدانی بەهای تمەن، تا دێت خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەژارتر دەبن و توانایان بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان کەمتر دەبێت.
بەرپرسانی حکومەتی ئێران بەڵێنی باشترکردنی دۆخەکە دەدەن و دەڵێن، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان چاودێرییەکانیان بۆ سەر بازار تووندتر دەکەن.