ئەو کوردە بناسە کە سەرۆککۆماری ئێران دەیکاتە راوێژکاری خۆی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم رەئیسی یەکەم هەنگاوی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانیەوە نا و کوردێکی سوننەی وەکو راوێژکار و کوردێکیشی وەکو پارێزگاری ورمێ دیاریکرد.
 
عەبدولسەلام کەریمی ئەو کەسەیە کە دەبێتە راوێژکاری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری گەلان و پێکهاتە ئایینییەکان.
 
پەیامی مەولەوی عەبدولحەمید، کەسایەتیی دیاری سوننە و بەلووچەکان دەڵێت، "لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا رەئیسی و ئەندامانی باڵای ناوەندی بانگەشەکانی رەئیسی، چەند شتێک باسکران؛ یەکەم، نەهێشتنی کێشەی سوننە؛ دووەم، سڕینەوەی جیاکاری و سێیەم، نەهێشتنی نایەکسانی".
 
ئەوە یەکەمجارە کوردێکی سوننە ئەم پۆستەی پێدەدرێت؛ بۆیە لەلایەن نەریتخوازەکانەوە پێشوازیی لێکرا؛ ئەوان رایانگەیاند، پێچەوانەی ریفۆرمخوازان، نەریتخوازان گرنگی بە سوننەکان دەدەن، بەڵام زۆر کەسیش ئەو پۆستە وەکو بەرپرسایەتییەک دەبینن کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە.
 
ئیبراهیم رەئیسی داوای لە عەبدولسەلام کەریمی کردووە بەدواداچوون بۆ "کاروباری گەلان و کەمینەکان" بکات و بۆ "یەکێتی" و "یەکگرتوویی نێوان گەل و ئایینە جیاوازەکان" تێبکۆشێت.
 
عەبدولسەلام کەریمی خەڵکی سەقزە و پێشتر قایمقامی دیواندەرە، بەرپرسی زانکۆکانی پەیامی نوور لە مەریوان و سنە، جێگری سەرۆکی بەشی پلاندانانی رێکخراوی پەروەردەی پارێزگای سنە و بەڕێوەبەری ناوەندی زانستیی ئیسلامیی ئیمام شافیعیی سنەش بووە. عەبدولسەلام کەریمی سەر بە باڵی نەریتخوازی ئێرانە. ئەو لە بۆنە جیاوازەکاندا پێداگریی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بڕیار و رێنوێنییەکانی رێبەری ئێران کردووەتەوە.
 
باوکی عەبدولسەلام کەریمی ئەندامی سوپای پاسداران بووە و لە شەڕ لەگەڵ رێکخراوی کۆمەڵە لە دەیەی 80ی زاییندا کوژراوە.
 
ئیبراهیم رەئیسی هەروەها محەممەد سادق موعتەمدیان کە خەڵکی کرماشانە، وەکو پارێزگاری ورمێ دەستنیشانکرد. موعتەمدیان بەرپرسیارێتیی ئەمنیی زۆری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت پارێزگای ورمێدا هەبووە، بۆیە شارەزایی لە هەستیارییە نەتەوەییەکانی پارێزگاکە هەیە.
 
ئەو بەشی ئابووریی لە زانکۆی ورمێ تەواوکردووە، بەڕێوەبەری بەشی ئیتلاعاتی ورمێ بووە، توێژەری پرسە نەتەوەییەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسەتدانانی دامەزراوەکانی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی باکووری رۆژئاوای ئێران بووە.
 
موعتەمدی دووەمین پارێزگاری کوردە کە بۆ ورمێ دیاریدەکرێت؛ دانانی موعتەمدیان لە کاتێکدایە، لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵ دراوە پێگەی تورک لەو پارێزگایە بەهێزبکرێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی لای کورد دروستکردبوو.