مەسعود پزیشکیان: پەلاماردانی رێبەر بە واتای راگەیاندنی شەڕی هەمەلایەنەیە
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت، هێرشکردنە سەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە واتای راگەیاندنی شەڕێکی هەمەلایەنەیە دژی خەڵکی وڵاتەکەی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی کاتی ئەوە هاتووە بیر لە رێبەرێکی نوێ بۆ ئێران بکەنەوە، نووسیویەتی: "پەلاماردانی رێبەری باڵای وڵاتەکەمان بە واتای راگەیاندنی شەڕێکی هەمە لایەنەیە لەگەڵ گەلی ئێران."
پزیشکیان دەشڵێ: "ئەگەر لە ژیانی خەڵکی ئازیزی ئێران تەنگ و چەڵەمەیەک هەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دووژمنی لەمێژینە و گەمارۆ نامرۆڤانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی."
ترەمپ رۆژی شەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی پۆلیتیکۆ داوای کۆتاییهێنانی فەرمانڕەوایی 37 ساڵەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئێران بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا بگەڕێین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی خەڵکی ناڕازیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی تووندی هێزە ئەمنییەکان، پچڕانی ئینتەرنێت و نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی، رووی لە کەمبوونەوە کردووە.
ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی هەزاران کەس و دەستگیرکردنی زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە لە رۆژانی رابردوودا لە ئێران دەکەن.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانیش شەوی رابردوو بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "3 هەزار و 709 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپێشاندانەکان بریندار بوون."