لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: 3700 کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە کار لەسەر ئامادەکردنی ئاماری تەواوی قوربانییانی خۆپێشاندانەکان دەکەن؛ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئاساییکردنەوە یان بەردەوامیی بڕانی ئینتەرنێت دەدات.
 
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هێشتا ژمارەی تەواوی کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکان نازانرێ و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان راسپێردراون راپۆرتی تەواو لەو بارەوە ئامادە بکەن. دەشڵێت، ئامادەکردنی راپۆرتەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە.
 
لەبارەی ژمارەی بریندارەکانیش، ئیبراهیم عەزیزی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و هەروەها 3709 کەس لە هێزەکانی پۆلیس، بەسیج، سوپا و ئیتڵاعات لە ناڕەزاییەکاندا بریندار بوون.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە و هەروەها 2221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
 
لەبارەی ئینتەرنێتیش عەزیزی بە رۆژنامەڤانانی گوت، بڕینی ئینتەرنێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزاییەکان بووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڕیار لەسەر ئاساییکردنەوەی ئینتەرنێت یان بەردەوامیی سنوورداربوونی دەدات.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 18ی مانگ بۆ نزیکەی نیو کاژێر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەندێک ناوچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرانەوە. پەرلەمانتارێکی تارانیش رایگەیاند، تاوەکو سێشەممە دۆخی ئینتەرنێت ئاسایی دەبێتەوە.