پزیشکیان: پشتگوێخستنی گەنجان هۆکاری رووداوەکانی ئەم دواییە بوو


رووداو  دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت کە پشتگوێخستنی گەنجان هۆکاری سەرەکیی رووداو و گرژییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەیەتی. هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت گەنجان بەرەو بەکارهێنانی "فیلتەرشکێن" دەبات، کە زیانەکانی زیاترن.
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی وڵاتەکەی رایگەیاند: "پشتگوێخستنی گەنجان و پێداویستییەکانیان یەکێک بوو لە هۆکارەکانی رووداوەکانی ئەم دواییە."
 
پزیشکیان رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی کاربەدەستانی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "یەکێک لە گرفتە بنەڕەتییەکانمان ئەوەیە کە جیاوازی قبووڵ ناکەین؛ هەر کەسێک لە هەندێک بواردا جیاواز بێت لە ئێمە، بە دژە ئایین و دژە شۆڕش ناوزەند دەکرێت و لە کەشتیی شۆڕش فڕێ دەدرێتە خوارەوە، بەڵام ئەگەر جیاوازی قبووڵ بکەین، زۆر یەک لەو کێشە و پرسە کۆمەڵایەتیانە روو نادەن."
 
سەبارەت بە کاریگەریی دەرەکییش، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "ئەوەی کە دوژمن بتوانێت بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر گەنجەکان هەبێت، پێشبینی نەکراوە."
 
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە ماوەی 12 رۆژە ئینتەرنێت لەو وڵاتە بڕاوە. مەسعود پزیشکیان دژی ئەو سیاسەتە وەستایەوە و رایگەیاند: "سنووردارکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر زیانەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو گەنجان هان دەدات بۆ بەکارهێنانی فیلتەرشکێنەکان (VPN) کە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی زۆر وێرانکەرتر دەبن."
 
هاوکات حوسێن ئەفشین، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، هەنگاو بە هەنگاو ئینتەرنێت بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی.
 
کۆمپانیای نێت بلۆکس کە تایبەتە بە چاودێریکردنی ئینتەرنێت لە جیهان، لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ رایگەیاند، بڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە ئێران چووە رۆژی 12ـیەمەوە و ئینتەرنێتی نیشتمانیش لە کەمترین ئاستدایە.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر پەڕیەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە خۆپێشاندانەکاندا سێ هەزار و 919 کەس کوژراون.