پەخشان عەزیزی لە ئێران لە زیندانە و لە ئیتاڵیا دەبێتە هاووڵاتیی فلۆرانس
رووداو دیجیتاڵ
کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی رایگەیاند، ئەو چالاکڤانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بە هاووڵاتیی شەڕەفیی شاری فلۆرانسی ئیتالیا وەرگیرا.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی رایگەیاند، "ئەنجوومەنی شاری فلۆرانس، بە کۆی دەنگ پێشنیازی پێدانی شارومەندیی شانازی بۆ پەخشان عەزیزی پەسند کرد."
کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی هەروەها دەڵێ "ئەم بڕیارە؛ رێزگرتنە لە هەوڵە ماندوونەناسەکانی پەخشان عەزیزی بۆ بەرگری لە مافی ژنان و منداڵانی ئاوارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەرمەزارکردنی تووندی سزای لەسێدارەدانی ئەوە".
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08-01-2025 سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسند کرد و ئێستا لە زیندانە.
عەزیزی لە 4ـی ئابی 2023 لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دادگەی شۆڕشی تاران بەتۆمەتی چالاکیی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێران دادگاییکرا و بە لەسێدارەدان سزا درا.
پەخشان عەزیزی لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و خەڵکی مهابادە.
دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کرد و لە کەمپی پەنابەراندا وەک یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بەتایبەت هاوکاری ژن و منداڵانی کرد.
شەش ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 15-01-2025 لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، پەخشان عەزیزی لە عێراق و سووریا هاوکاریی ئاوارەکانی شەڕی کردووە و تۆمەتبارکردنی بە چالاکیی چەکداری، بێ بنەمایە.
پێشتر ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزیش رایگەیاندبوو، لە دۆسیەکەیدا، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت، ئەو بەندکراوە چالاکیی چەکداری هەبووە.