لە ئێران نزیکەی 5000 بەساڵاچوو لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران رایگەیاند 4800 بەساڵاچووی وڵاتەکە لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) ئەحمەد دلبەری، راوێژکاری بەساڵاچووان لە رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران رایگەیاند، کەسانێک هەن، دایک و باوکە بەساڵاچووکانیان لە نەخۆشخانە و مەزارەکان جێدەهێڵن و خانەنشینانی بێماڵوحاڵیش لەو ماڵانەدا دەمێننەوە، کە خەڵکی بێنەوا داڵدە دەدەن و بە گەرمخانە ناسراون.
ئەحمەد دلبەری گوتی "قەیرانی بەساڵاچوویی بووەتە گەورەترین قەیران کە بێجگە لە هەزاران بەساڵاچووی سەر شەقامەکان، 30%ـی ئەوانەی لە خانەکانی بەساڵاچووانن، بێ ناسنامەن."
ئەحمەد دلبەری هۆشداریشی دا لەوەی بەساڵاچوویی لە ئێران بە خێراییەکی زۆر گەشە دەکات و 10 ساڵی دیکە رێژەی بەساڵاچووان لە وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
حیسامەددین علامە، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئێران لە تشرینی یەکەمی 2024 بە پشتبەستن بە داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاندبوو؛ نزیکەی 9 ملیۆن و 850 هەزار بەساڵاچوو لەو وڵاتەدا هەن، لەوانە 5 ملیۆن و 150 هەزاریان ژنن و چوار ملیۆن و 700 هەزاریشیان پیاون.