عێراقچی: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکەمان دووبارە ببنەوە، دان بەخۆگرتنمان نامێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکە تەنیا بەشێک بووە لە هێزی ئەوان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "وەڵامدانەوەمان بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل کە کرابوونە سەر ژێرخانی وڵاتەکەمان، تەنیا بەشێکی کەم بوو لە هێزی ئێمە. تاکە هۆکاری ئەم دانبەخۆداگرتنە رێزگرتن بوو لە بانگەوازەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان."
 
عێراقچی گوتی: "ئەگەر هێرش بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکەمان دووبارە ببێتەوە، چی دیکە دان بەخۆگرتنمان نامێنیت."
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕ، دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێتەوە کە بەر ناوچە سڤیلنشینەکان کەوتووە."
 
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی پارسی باشوور و عەسلەویەی ئێران. پارسی باشوور یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئێران کە لە سنووری ئاوە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و قەتەر هەڵکەوتووە.
 
بە گوتەی ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە، لە ئەنجامی هێرشەکە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنان لەکارکەوتن.
  
لەبەرامبەردا ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەی گازی LNGـی قەتەر و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی وزە لە وڵاتانی دیکەی کەنداو. دواتر دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر جارێکی دیکە هێرش بکرێتە سەر قەتەر، ئەمریکا گەورەترین کێڵگەی گازی ئێران بە تەواوەتی وێران دەکات.