قایمقامی ئەنزەلی: ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ و کەشتیوانی


رووداو دیجیتاڵ

لە کاژێر 21:00ی شەوی چوارشەممە هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر چەند ناوچەیەکی باکووری ئێران بەتایبەت پارێزگای گیلان. قایمقامی شاری ئەنزەلی لە باکووری ئێران رایگەیاند، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ و رێکخراوی کەشتیوانیی شارەکە؛ دەشڵێت هێشتا قەبارەی زیانەکان دیار نییە.
 
چەقی بۆردوومانەکان لە شارەکانی رەشت (ناوەندی پارێزگا) بەندەر ئەنزەلی و رێزوانشەهر  بوون. بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، زیاتر لە 20 هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەم پارێزگایەی باکووری ئێران بەتایبەت کەناراوەکانی بەندەر ئەنزەلی، باشووری رەشت و ناوەندی رێزوانشەهر.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، محەممەد ساڵح زیایی، قایمقامی شاری ئەنزەلی لە پارێزگای گیلان رایگەیاند: "لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ئەنزەلی و رێکخراوی کەشتیوانی."
 
سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە، قایمقامی ئەنزەلی گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و گوتی: "تیمەکانمان خەریکی لێکۆڵینەوەن و دواتر قەبارەی زیانەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە."
 
بەندەری ئەنزەلی کە دەکەوێتە سەر دەریای خەزەر، بە کۆنترین و یەکێک لە گرنگترین بەندەرە بازرگانییەکانی ئێران دادەنرێت. ئەم بەندەرە وەک "دەروازەی ئەوروپا" هەژمار دەکرێت و رۆڵێکی ستراتیژیی لە هەناردەکردن و هاوردەکردنی کاڵاکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەریای خەزەر و ئەوروپادا دەگێڕێت.
 
ئەم هێرشە بۆ سەر باکووری ئێران لە کاتێکدایە کە زۆربەی پێکدادان و هێرشەکانی سێ هەفتەی رابردووی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئێران چڕببووەوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی بازنەی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە.
 
پارێزگای گیلان لە باکووری تارانی پایتەختی ئێران هەڵکەوتووە. 272 کیلۆمەتر سنووری ئاویی لەسەر دەریای خەزەر هەیە و بەبوونی ناوچەی ئازادی ئەنزەلی، بەندەر ئەنزەلی، بەندەر کاسپیەن و بەندەر ئاستارای هاوسنووری کۆماری ئازەربایجان، سەرەکیترین رێرەوەی ئاویی باکووری ئێرانە.
 
80٪ی هەناردەی ئێران بۆ رووسیا ساڵانە بەبڕی زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار لە رێی بەندەرەکانی گیلانەوە دەکرێت.