ئێران داوای قەرەبوو لە ئیمارات دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، ''بەکارهێنانی خاکی ئیمارات لە لەلایەن ئەمریکاوە'' بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی بە نایاسایی ناوبردووە و داوای قەرەبووی لە وڵاتەکە کردووە.
 
پێنجشەممە، 19-03-2026، ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد بۆ سەر وڵاتەکەی.
 
لە نامەکەی ئەمیر سەعید ئیرەڤانیدا ئەوەش هاتووە، ''هەنگاوی ئیمارات بۆ بەکارهێنانی خاکەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە دروستدەکات.''
 
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، پێویستە ئیمارات قەرەبووی زیانەکانی ئێران بکاتەوە، ''لەنێویاندا پێدانی قەرەبوو بۆ هەموو ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەی بەر ئێران کەوتوون."