لە هێرشەکەی سەر دادگای لارسـتان 14 کەس کوژران و 50 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارسی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی "ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر دادگەی شاری لارسـتان گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 14 کەس و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 18-3-2026 چەندین شوێن لە شاری لارستانی سەر بە پارێزگای فارس کرانە ئامانج و باڵەخانەی دادگەی شارەکە یەکێک لەو شوێنانە بوو کە بە سەختی بۆردوومان کرا.
سەید سەدروڵڵا قەجایی نەسەب، سەرۆکی گشتیی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارس ئاماری قوربانییانی هێرشەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بریتین لە دوو دادوەر، دوو فەرمانبەر و 10 لە سەردانیکەرانی دادگاکە کە یەکێکیان پارێزەر بووە."
سەبارەت بە بریندارەکانیش، رەجایی نەسەب ئاماژەی بەوە کرد لە رووداوەکەدا بە گشتی 50 کەس بریندار بوون، گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان .
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، باڵەخانەی دادگەی لارستان دوو جار بۆردوومان کراوە و لە کاتی هێرشی دووەمدا بۆ سەر هەمان باڵەخانە، جگە لەو کەسانەی لە ناوەوە بوون، ژمارەیەک لە کارمەندانی تیمە فریاگوزارییەکانیش بریندار بوون و ئۆتۆمبێلێکی ئەمبوڵانسیش بە تەواوی تێکشکێندراوە.