رێژەی خۆکوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە

رووداو- هەولێر

دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، بەهۆی کێشە ئابوورییەکان و هەروەها گووشاری بنەماڵەکان لەسەر ژنان، رێژەی خۆکوژی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە. ئەوان داوا دەکەن رێکاری پێویست بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئەو زیانە کۆمەڵایەتییە بگیرێتە بەر.

کۆتایی هێنان بە ژیان یەک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ساڵ بە ساڵ رێژەی زیاتر دەبێت. هاونیشتمانییان دەڵێن خەڵک بەتایبەت لاوان لەگەڵ کێشە و گوشاری زۆر بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە بەرەوڕوون، بۆیە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

خۆکوژی بە بڕیارێکی بەپەلە دادەندرێت لە رووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا. ئەو کەسانەی تەمەنێک خۆشی و ناخۆشییان تێپەڕاندووە دەڵێن ، دانبەخۆداگرتن دەتوانێ ئەو زیانە لە کۆڵ کۆمەڵگا بکاتەوە. 

ناوەندە فەرمییەکانی ئێران ئاماری خۆکوژی لەو وڵاتە بڵاو ناکەنەوە. ئەو کارە بە هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی دادەنێن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوونی هەوڵەکانی حکومەت لە پێشگرتن لێی، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک خۆیان هەوڵبدەن بە خەم لە یەکدی خواردن، پێش بە پەرەسەندنی ئەو زیانە کۆمەڵایەتییە بگرن.