سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران: شکۆی ئەمریکامان لە ناوچەکەدا شکاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بڕیاری تاران بۆ دووبارە داخستنی تەنگەی هورمز "ئەنجامێکی راستەوخۆی رەفتارەکانی ئەمریکایە،" وڵاتەکەشی بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو رێڕەوە ئاوییە "بەگوێرەی پێویستییەکانی خۆی."
 
لە هەڤپەیڤێنێکدا ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، قەرارگەی خەتەمولئەنبیا و هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەپێی ئەو رێنماییانەی پێیان گەیشتووە، دەستیان کردووەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو رێسایانەی لە سەرەتای "جەنگی 40 رۆژە" لە تەنگەی هورمز پەیڕەو دەکران. گوتیشی، "ئەمریکییەکان خۆیان هۆکارن بۆ ئەوەی ئێمە ئەم رێوشوێنانە بگرینە بەر."
 
ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی ئێران، ئەمریکای بە "بەڵێنشکێن" ناوبرد و گوتی، مێژووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن دەریخستووە کە ئەوان پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابن، بۆیە تەنگەی هورمز "لەژێر کۆنترۆڵی تەواو و ژیرانەی ئێرانی ئیسلامیدا دەمێنێتەوە."
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، دۆخی تەنگەی هورمز وەک پێشوو "لەژێر چاودێریی توونددا دەمێنێتەوە"، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو شتەی کە بە "شکستی بەردەوامی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی" و "چەتەگەریی دەریایی" ناوی برد.
 
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، تەنگەکە بەڕووی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەو هەنگاوە کردبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکرێت.
 
لە 8ی نیسان، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاگربەستی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە، دواتر لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بە نێوەندگیری ئەو وڵاتە گفتوگۆ دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
 
عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر قسەکانی ترەمپ و گوتی، "سەرۆکی ئەمریکا دەبێت شێوازی قسەکردن و رەفتاری خۆی بگۆڕێت، چونکە ئێران یاریزانێکی سەرەکیی ناوچەکەیە." راشیگەیاند، تەنگەی هورمز شوێنی "ملکەچی و رێزگرتنە لە گەلی ئێران، نەک شوێنی لوتبەرزی و زۆرداریی ئەمریکا."
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران باسی لەوە کرد، پڕۆژەیاسایەکیان بەناوی "پلان بۆ ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوام لە تەنگەی هورمز و کەنداوی فارس" ئامادە کردووە و لە یەکەم دەرفەتدا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدەن بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کۆنترۆڵی تەنگەکە "ژیرانەتر" بکرێت.
 
عەزیزی باسی لەوە کرد، کە ئەمریکا ناچار بووە بنکەکانی لە ناوچەکە چۆڵ بکات و گوتی، "شکانی شکۆی ئەمریکا دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەوان ساڵانێک بەناوی دابینکردنی ئاسایشەوە سامانی وڵاتانی ناوچەکەیان برد، بەڵام لە کۆتاییدا نەیاینتوانی ئاسایشی خۆشیان بپارێزن و رایانکرد."