دەسەڵاتی دادی ئێران: لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی سزادراواندا نەرمی نانوێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، هیچ نەرمییەک لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەدا نانوێنین کە بە تۆمەتی ''بانگەشە'' بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سزا دراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەوە بانگەشەیە بۆ پیلانەکان و تاوانی جەنگیی دوژمن.''
رۆژی یەکشەممە، 19 نیسانی 2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و رایگەیاند: ''ئێستا دیمەنەکە بە تەواوی روونە و دووژمن دژی گەلی ئێمە تاوانی جەنگی کردووە.''
موحسینی ئیژەیی سەبارەت بەو کەسانەی کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل سزادراون یان دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیراوە گوتی: ''لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی سزادراواندا هیچ نەرمی نواندنێک نییە، بەڵکو بەپێی یاسا رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.''
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی: ''هیچ کەس ناتوانێت بانگەشەی بێئاگایی و نەزانین لە تاوانەکان و پیلانەکانی دووژمن بکات و خۆی لە نەزانی و خۆگێلکردن بدات.''
قسەکانی غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی لەکاتێکدایە کە بەپێی بڕیارێکی نوێی دادوەری، دەست بەسەر هەژمارە بانکییەکان، موڵک، خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی 63 کەسایەتیی ناسراوی ئێرانیدا گیراوە کە لە دەرەوە یان نێوخۆی وڵاتەکەدا دەژین. ئەو کەسانە تۆمەتبار کراون بەوەی "هاوکاریی دوژمن" دەکەن و لە رێگەی یاسای "تووندکردنی سزای سیخوڕی"یەوە سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە.