راوێژکارێکی رێبەری ئێران: سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لەوبەری زەریاکانەوە کۆتاییهاتووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێ: "سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لەوبەری زەریاکانەوە کۆتاییهاتووە و هەر گێرەشێوێنییەک، وەڵامێکی دەبێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-04-2026 عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی لە ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا ناڕاستەوخۆ باسی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی لە تەنگەی هورمز دەکات.
لە پەیامەکەی عەلی ئەکبەر ویلایەتیدا هاتووە: "سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لەوبەری زەریاکانەوە کۆتایی هاتووە.''
عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەشڵێت، هەر ''گێرەشێوێنی''ـیەک، وەڵامێکی زنجیرەیی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
پەیامەکەی راوێژکاری موجتەبا خامنەیی لەکاتێکدایە، 8ی نیسان، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاگربەستی کاتی بۆ دوو هەفتە، دواتر لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بە نێوەندگیری ئەو وڵاتە دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوو.
تەنگەی هورمز کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێ، ئێستا بووەتە چەقی ململانێیەکی جیهانی. ئێران رووبەڕووی گەمارۆیەکی دەریایی ئەمریکا بووەتەوە کە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە "سفر".
ئەم دۆخە نەوەک تەنیا مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕی لێ دەکرێ، بەڵکو نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو 120 دۆلار بەرزکردووەتەوە.