میدیای فەرمیی ئێران: وڵاتەکەمان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ ئامادەیە

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران هۆشداری دەدات لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ و رایدەگەیێنێت، جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی "بێ پێشینە" و ئێران خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە، لە نێویشیاندا ئەگەری هێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر دوورگەکانی لە کەنداو و تەنگەی هورمز.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەمجارە بازنەی شەڕەکە زۆر فراوانتر دەبێت و تەنگەی بابولمەندەب، پیشەسازی نەوتی ئارامکۆ و بەندەری یەنبوعی سعودیە و بەندەری فوجەیرەی ئیمارات دەبنە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئێران.
 
جووڵە گوماناوییەکانی ئەمریکا
 
بەپێی راپۆرتەکە، تاران لە رێگەی چاودێرییە وردەکانییەوە چەند جووڵەیەکی نائاسایی هێزەکانی ئەمریکای تۆمار کردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
 
1-گواستنەوە و جێگۆڕکێی چەندین کەشتیی جەنگیی ئەمریکا
2-دروستکردنی پردێکی ئاسمانیی گەورە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی
3-بەشداریپێکردنی فڕۆکە زەبەلاحەکانی جۆری سی 17 و سی 5 بۆ گواستنەوەی چەک
4-مەشقی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەکان و کەناراوەکان لە بەحرێن
5-فڕینی بەردەوامی درۆنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە سەر دوورگەکانی ئێراندا
6-گۆڕینی شوێنی چەندین سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا
 
دوو سیناریۆکەی ئێران
 
ئاژانسی تەسنیم لە راپۆرتەکەیدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان دەڵێت، ئێران لە بەرامبەر ئەم جووڵانەی ئەمریکادا، دوو ئەگەر لەبەرچاو دەگرێت و بۆ هەردووکیان رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر.
 
سیناریۆی یەکەم: ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئامادەکارییە سەربازییانەوە "گوشاری دەروونی" دروست بکات بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئیمتیاز لە ئێران وەربگرێت. تاران دەڵێت، پێشنیازەکانی خۆی لەسەر بنەمای مافە یاساییەکانی پێشکێش کردووە و ناچێتە ژێر باری گوشارەکانی ئەمریکا.
 
سیناریۆی دووەم: ئەمریکا دەیەوێت باسی گفتوگۆ و دانوستان بکات وەک "فێڵێکی سەربازی" تاوەکو هێرشێکی کتوپڕ بکاتە سەر دوورگەکانی ئێران.
 
ئاژانسی تەسنیم دەڵێت: "ئەمریکییەکان نەرمی دەنوێنن بۆ فێڵکردن لە دانوستاندندا؛ پار دووجار لە کاتی گفتوگۆدا هێرشیان کردە سەر ئێران، بۆیە ئەمجارە سیناریۆی جەنگ بە ئەگەرێکی بەهێزتر دەبینین."
 
هەڕەشەی "کاژێرە دۆزەخییەکان"
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاندووە، لە دوو هەفتەی رابردوودا هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگ دەستپێبکەنەوە، "کاژێرە دۆزەخی و لەبیرنەکراوەکان" بۆ هێزەکانیان دەستپێدەکات.
 
هەروەها تاران هۆشداری دەدات کە ئەمجارە "دانبەخۆدا ناگرێت" و ئەگەر ژێرخانە ئابوورییەکانی بکرێنە ئامانج، ئەوا ئێران رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە (ئارامکۆ و فوجەیرە) بە تەواوی پەکدەخات و دەیانکاتە ئامانجی هێرشەکانی.