میدیای فەرمی: هێلیکۆپتەری سەرۆکی ئێران تووشی رووداوێک بووە

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، هێلیکۆپتەری هەڵگری سەرۆککۆماری ئێران لە ناوچەی جولفای پارێزگای تەورێز تووشی رووداو بووە.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران پشتراستی کردەوە کە هەلیکۆپتەرێکی تیمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە سنووری پارێزگای تەورێز تووشی رووداوی "نیشتنەوەیەکی سەخت" بووە.
 
ئەحمەد وەحیدی راشیگەیاند، بە کردنەوەی بەنداوەکانی خودائافەرین و قیز قەلعەسی، کە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان کردیانەوە، "سەرۆککۆمار لەگەڵ شاندی یاوەری بە چەند هێلیکۆپتەرێک لە رێگەی گەڕانەوە بوون، یەکێکیان بەهۆی ناسەقامگیریی کەش و هەوا ناچار بە نیشتنەوەیەکی دژوار بووە.

 

 
میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، کاژێرێک لەمەوبەر خەڵکی گوندەکانی پیرداود و ئوزی لە سنووری پارێزگای تەورێز، گوێیان لە چەند دەنگێک بووە. 
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی: "تیمە فریاگوزارییە جیاوازەکان بەرەو ناوچەکە دەڕۆن، بەڵام بەهۆی تەم و خراپی کەشوهەوا، رەنگە کاتێکی زۆری پێبچێت تا بگەنە ناوچەکە."
 
گوتیشی: "دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە، تیمەکانی فریاگوزاری کار دەکەن، هیوادارین بە خێرایی بگەنە شوێنی رووداوەکە."
 
وەزیری ناوخۆی ئێران دەشڵێت: "پەیوەندی لەگەڵ یاوەرەکانی هەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ناوچەکە سەختە و دروستکردنی پەیوەندی ئەستەمە، هیوادارین تیمەکانی فریاکەوتن زووتر بگەنە شوێنی رووداوەکە و زانیاری زیاترمان پێبدەن."

 

 
بەپێی میدیای وڵاتەکە، هێشتا تیمەکانی فریاکەوتن نەگەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و وردەکاری رووداوەکە دیار نییە.
 
ئیبراهیم رەئیسی بۆ کردنەوەی بەنداوێک لەسەر سنووری ئازەربایجان چووبووە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای تەورێز. 

 

 
میدیای ئێرانی دەڵێت، هەریەکە لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوە و ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژی حکومیی تەورێز و مالیک رەحمەتی، پارێزگاری شارەکە لەنێو ئەو هێلیکۆپتەرەدان کە تووشی رووداو بووە. 
 
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ لە حوزەیرانی 2021ـەوە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە دەست.