پزیشکیان بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە. نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پزیشکیان جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، "ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە دیدارەکەدا خۆشحاڵیی خۆی لە ئاستی بەرزی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانی دەربڕی و گوتی، "ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین، پێمانوایە لە رێگەی هاوکاری و کارلێکی هاوبەشەوە دەتوانرێت هەنگاوی گەورە و کاریگەر بەرەو گەشەکردن و گەشەپێدانی ناوچەکە بنرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆککۆمار فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی لە پرسەکانی سنووری، بازرگانی، ئابووری، زانستی، کولتووری و وەبەرهێنان وەکو بوارە گرنگەکانی هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق خستەڕوو، جەختی لە بەکارهێنانی ئەو توانایانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە."
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاماژەدان بە پرسەکانی ناوچەکە راگەیاندووە، "کێشە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پیلانی ناحەزانە بۆ رێگریکردن لە هاوکاری و پێشکەوتنی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە، پێویستە لە رێگەی هاوکاری و کارلێکی زیاترەوە بەسەر ئەو پیلانانەدا زاڵ بین."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران هەروەها دەڵێت؛ نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان دەربڕی و رایگەیاند، "بیرەوەریی شیرینی سەردانەکەت بۆ هەرێمی کوردستان تائێستاش لە مێشکماندا ماوەتەوە. دوای ئەو سەردانە، پێشکەوتنی بەرچاومان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا بینی. ئەو گەشتە بڕگەیەکی گرنگ و متمانەبەخش بوو، پەیوەندییەکانی ئێمەی لە هەموو ئاست و بوارەکاندا بەرز کردەوە."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا کردووە و گوتوویەتی، "لە بواری پرسە ئەمنییەکان، هاوکارییەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، بە جەختکردنەوە و بەدواداچوونی بەڕێزتان، بەمزووانە کۆبوونەوەیەک لەنێوان پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. هەروەها رۆڵی ئاسانکاریی بەڕێزتان یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە سنوورییەکان."
وەکو سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دەڵێت؛ نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زۆر بۆ هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، سەبارەت بە زیارەتکارانی ئەڕبەعین (چلەی ئیمام حوسێن)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، بە دڵنیاییەوە خزمەتگوزارییەکانی ئەم ساڵ لە ساڵی رابردوو باشتر دەبن.
نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی لە تارانی پایتەختی ئێرانە و دوای ئامادەبوونی لە "کۆڕبەندی دیالۆگی تاران"، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.
رۆژی شەممە 17ی ئایاری 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە "کۆڕبەندی دیالۆگی تاران" گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. رۆژی یەکشەممە لە پانێلێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندەکە قسەی کرد و باسی لە چەندین بابەتی پەیوەست بە ناوچەکە کرد؛ لەنێویاندا پەیوەندیی "مێژوویی" نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.