رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاووڵاتییان: بایەخ بە وەچەخستنەوە بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەدات بایەخ بە وەچەخستنەوە بدەن؛ داوا لە چالاکڤانانی مەدەنییش دەکات، لەو بوارەدا هاندەری خەڵک بن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026، موجتەبا خامنەیی لە وەڵامی نامەیەک لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکڤانە مەدەنییەکانی بواری دانیشتووان کە بە مەبەستی سەرەخۆشی بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و باوکییەوە ناردبوویان، گوتی، "یەکێک لە دەستکەوتە بەنرخەکانی قۆناخی سێیەمی بەرگریی، دەرکەوتنی ئێرانە لە ئاستی هێزێکی گەورە و کاریگەردا. بێگومان بەردەوامیی ئەم دۆخە و گەیشتن بە پلەیەکی باشتر، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بابەتی دانیشتووانەوە هەیە."
 
موجتەبا خامنەیی جەخت لە گرتنەبەری پێویستیی رێکارەکان بۆ زیادکردنی دانیشتووان دەکاتەوە و دەڵێت، "بە بەدواداچوونی جیدی بۆ سیاسەتی دروست و مسۆگەر بۆ زیادکردنی دانیشتووان، گەلی ئێران دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵگێڕانی گەورە و بازدانی ستراتیژیی ئەزموون بکات و هەنگاوی گەورە لەپێناو دروستکردنی شارستانییەتی نوێی ئێرانی ئیسلامیدا بنێت."
 
موجتەبا خامنەیی باس لە کاریگەری رۆڵی چالاکڤانە مەدەنییەکان دەکات و دەڵێ، دەکرێ هەوڵی رۆژ لەدوای رۆژی چالاکڤانە مەدەنییەکانی بواری دانیشتووان و پەرەپێدانی کولتووری منداڵبوون کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دابینکردنی داهاتوویەکی رووناکدا هەبێت.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە جەختکردنەوەی رێبەری پێشوو لەسەر گرنگی زیادبوونی دانیشتووان و منداڵبوون دەکاتەوە و دەڵێت، ئەم بابەتە هێشتاش بە یەکێک لە گرنگترین پرسە ستراتیژییەکانی دەسەڵات دادەنرێت. 
 
چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، وەک رۆژی نیشتیمانی دانیشتووان لە ئێران دەناسرێ، هەروەها 14ی ئایار تاوەکو 20ی ئایار بە هەفتەی دانیشتووان دەناسرێ.
 
هەر بۆیەش لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین بەرپرسی بوارەکانی دانیشتووان و تەندروستی هۆشداریی جیدییان لەبارەی دۆخی خراپی زیادبوونی دانیشتووانی ئێران داوە.
 
مەرزەییە وەحید دەستجەردی، بەڕێوەبەری ناوەندی دانیشتووانی ئێران رۆژی 17ی ئەم مانگە رایگەیاند، ئەگەر دۆخی منداڵبوون و وەچەخستنەوە لە ئێران وەک ئێستا بەردەوام بێت، دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە 75 ساڵی داهاتوودا لە 90 ملیۆنەوە بۆ نزیکەی 31 ملیۆن کەس کەم بێتەوە.
 
هەروەها عەلی رەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێرانیش لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند کە "رێژەی لەدایکبوون لە یەک ساڵدا تێکڕا 7.1% کەمی کردووە."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئاماری ژمارەی لەدایکبووان لە دوو ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بووە: 
 
- لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025: 973 هەزار منداڵ لەدایکبوون.
 
- لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026: 892 هەزار و 268 منداڵ لەدایکبوون.