عێراقچی: ئێران هێرشی نەکردووەتە سەر نەخۆشخانە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانیان بە وردییەوە بارەگایەکی فەرماندەیی، کۆنترۆڵ و هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و ئامانجێکی دیکەیان لەنێوبردووە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "شەپۆلی تەقینەوەکە بووەتە هۆی زیان گەیاندنێکی رووکەش بە بەشێکی بچووکی نەخۆشخانەی سەربازیی سۆرۆکا، کە زۆربەی چۆڵ کرابوو، ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە بەکاردێت کە 25 میل لەولاوە بەشداری لە کۆمەڵکوژیی غەززەدا دەکەن." بە گوتەی ئەو، ئیسرائیل 94%ی نەخۆشخانەکانی غەززەی "وێران کردووە یان زیانی پێگەیاندوون."
 
بە بڕوای وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیل ئەم "خوێنڕێژییەی دەستپێکردووە، نەک ئێران،" ئیسرائیلیش بە "تاوانباری جەنگ" ناودەبات، کە بە گوتەی ئەو، "نەخۆشخانە و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج." باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکانیەوە بۆسەر ئێران، "سەدان ئێرانیی بێتاوانی بەبێ هیچ هۆکارێک کوشتوون."
 
عێراقچی داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات، گوێڕایەڵی ئەو رێنوێنییانەیان بن کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ چۆڵکردنی ناوچە بەئامانج دیاریکراوەکان بڵاویان دەکەنەوە، بەوەی خۆیان لە نزیکبوونەوە لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان بەدووربگرن.
 
وەزیری دەرەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، "هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی ئەو تاوانبارانەی کە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، تاوەکو ئەو کاتەی دەست لەم کارەیان هەڵدەگرن و باجی دەستدرێژییە تاوانکارییەکەیان دژی نەتەوەکەمان دەدەن."
 
بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر تەل ئەڤیڤ و دەوروبەری.
 
سوپای پاسداران رایگەیاند، لەو هێرشەدا ناوەندی فەرماندەیی و هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل لە نزیک یەکێک لە نەخۆشخانەکان بە وردییەکی زۆر کرایە ئامانج.
 
بەڵام ئیسرائیل رەتیکردەوە و ئێرانی بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤییل تۆمەتبار کرد.