ئەنجوومەنی پاسەوانانی ئێران بۆ ترەمپ: حەسرەتی خۆبەدەستەوەدان دەبەیتە گۆڕەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پاسەوانانی دەستووریی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتارەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانی بە "گرنگ و یەکلاکەرەوە" ناوبرد، هۆشدارییەکی تووندیشی دایە ئەمریکا و سەرۆکەکەی و رایگەیاند، هەر هەڵەیەک "وەڵامێکی تووندی" بەدواوە دەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنەکەدا، کە دوای دووەم گوتاری خامنەیی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەوە دەرچووە، هاتووە، "گوتەکانی رێبەری باڵای شۆڕش... هەم رێگەکەی بۆ گەلی خۆڕاگری ئێران دیاری کرد و هەم ئەمریکای تاوانکاریشی لە وەهمەکانی خۆی هێنایە دەرەوە."
 
ئەنجوومەنی پاسەوانانی دەستوور هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "دەوڵەتی تاوانکاری ئەمریکا و سەرۆککۆمارە گەمژەکەی دەبێت بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەگەر هەڵەیەک بکەن و هەنگاوێک دژی ئێرانی ئیسلامی بنێن، رووبەڕووی وەڵامێکی تووند دەبنەوە. حەسرەتی خۆبەدەستەوەدانی گەلی ئێرانیش دەبێت وەکو کارە پێشینە پیسەکانی بیباتە گۆڕەوە."
 
راگەیێندراوەکە سەرۆکی ئەمریکا بە "بێشەرم و هەڵیتوپەڵیتبێژ" ناودەبات و دەڵێت، ئەگەر "بچووکترین بیری دەستدرێژی بکاتەوە، زریانێک هەڵدەکات کە تۆماری ژیانی بکەران و پشتیوانانی ئەم تاوانە تێکدەپێچێتەوە."
 
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی پاسەوانانی دەستوور پشتگیریی خۆی بۆ هێزە چەکدارەکان دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "جارێکی دیکە پشتگیریی بێ ئەملاولای خۆمان بۆ هێزە چەکدارەکان و ئۆپەراسیۆنە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان رادەگەیێنین."