شەممەی داهاتوو لە 21 پارێزگای ئێران پشووە؛ ئامانج کەم بەکارهێنانی ئاو و کارەبایە
رووداو دیجیتاڵ
شەممەی داهاتوو لە 21 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشووە، ئامانجەکەش ئەوەیە کارەبا و ئاو کەم بەکاربهێندرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بە مەبەستی کەمتر بەکارهێنانی ئاو و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبا، رۆژی شەممە 23-08-2025 لە پارێزگاکانی تاران، مازندەران، سمنان، مەرکەزی، تەورێز، بوشێهر، ئێسفەهان، ئەلبورز، یەزد، خۆراسانی باشوور، باکوور و رەزەوی، قوم، خوزستان، کرمان، گورمزگان و هەمەدان پشوو دەبێت.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، لوڕستان و کرماشان پشوو دەبێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا، سبەی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە کاتی کارکردن کەم دەکرێتەوە و رۆژی شەممەش دەبێتە پشوو.
جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشانیش رایگەیاند، "بڕیاردراوە رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە کاتی کارکردن لە کاژێر 6 بۆ 10ی بەیانی کەم بکرێتەوە و رۆژی شەممەی داهاتوو پشوو بێت. مەبەست لە راگەیاندنی پشووەکە، کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر تۆڕی کارەبا لە رۆژە گەرمەکان."
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بەڕێوەبردنی قەیران لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزمانەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆری سەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژی شەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
عەلی کەشکۆڵی، جێگری پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزمانەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی چوارشەممە و شەممەی هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
بەرپرسە حکومییەکان لەو پارێزگایانە رایانگەیاندووە، بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.