دادپزیشکیی ئێران: لە ساڵێکدا 2000 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لە ساڵێکدا 26 هەزار کرێکار بەهۆی رووداوی کارەوە برینداربوون و 2000 کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025، دادپزیشکی ئێران ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکارانی لە ماوەی ساڵیکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، دوو هەزار کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتەکە، 1985 کەسیان پیاو و 15 کەسیان ژن بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا 26 هەزار و 548 کەسیش برینداربوون، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێک پێشتر بە رێژەی 3% کەمی کردووە.
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لەو یەک ساڵەدا زۆرترین کرێکار کە لە رووداوەکانی کاردا برینداربوون لە پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی رەزەوی، ئیسفەهان، فارس و خوزستان بوون بە شیوەیەک لەو پارێزگایانەدا 15 هەزار کرێکار برینداربوون.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، 957 کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە باڵەخانە گیانیان لەدەستداوە، 399 کەسیان بەهۆی بەرکەوتنی کەلوپەلی قورس بەر جەستە و سەریان گیانیان لە دەستداوە، 283 کەسیان بەهۆی تەزووی کارەبا گیانیان لە دەستداوە، 118 کەسیان سووتاون و 40 کەسیان خنکاون و 189 کەسەکەی دیکە بە هۆکاری دیکە گیانیان لە دەستداوە.