ئەمریکا و ئێران رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانیان جێبەجێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

پێنج ئەمریکییە زیندانکراوەکان لە تاران ئازادکران و بە فڕۆکەیەکی قەتەری لە فڕۆکەخانەی مێهرابادەوە بەڕێکەوتن و فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر نیشتەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکی قسە بکەم کە لە زیندانییەکانی ئێران ئازادکراون و ئێستا لە دەوحەی قەتەرن."
 
لە بەرامبەر ئازادکردنیان، ئەمریکا پێنج زیندانیی ئێرانی و شەش ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتەی ئازاد کرد. کۆشکی سپی دەڵێت، پارەکە بۆ کڕینی کاڵای مرۆییە و دەشتوانین بە میکانیزمی تایبەت لەو پرۆسەیە دڵنیا ببینەوە؛ بەڵام هەندێک شرۆڤەکار دەڵێن، تاران بە گەمەی بارمتەکان، ئەمریکای ناچار بە سازش کرد.
 
عەلی واعیز، شرۆڤەکاری سیاسییە و باس لەوە دەکات، "رەخنەگرانی رێککەوتنەکە دەڵێن ئەم پارەیە کە ئەمریکا دەیداتە ئێران لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانیەتی، بەڵام بەو جۆرە نییە، ئەمریکا هیچ پارەیەکی خۆی نەداوە، بەڵکو بە پارەی خودی ئێران هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی ئازادکردووە؛ پارەکەش سنووردارکراوە و تەنیا بۆ کڕینی بابەتی مرۆییە."
 
هەرچەندە ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئەم رێککەوتنە پەیوەندی بە دانوستاندنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە هەبێت، بەڵام هەندێ سەرچاوە بە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی دادەنێن کە واشنتن لێی نیگەرانە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش هۆشداری لەبارەوە دەدات.
 
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، "هەندێ بەرزکردنەوە لە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمدا کراوە. ئاراستەی گشتیی ئێران بریتییە لە پیتاندنی 5٪، 20٪ و 60٪".
 
بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو نیویۆرکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران روانگەی وڵاتەکەی لە ئاست وڵاتانی جیهان خستەڕوو کە بەگوتەی ئەو، "خاڵی بێت لە بۆمبی ئەتۆم و چەکی کۆمەڵکوژ و دوور بێت لە ستەم و رەگەزپەرستی و نادادپەروەری."