رۆژانە لە تاران 3 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و گواستنەوەی ئەنجوومەنی شاری تاران دەڵێ، ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ لە تاران بەراورد بە 4 ساڵ پێش ئێستا 2 بەرامبەر زیادی کردووە و ئێستا رۆژانە تێکرا 3 کەس لەو شارە بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025 جەعفەر تەشەکوری هاشمی، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و گواستنەوەی ئەنجوومەنی شاری تاران رایگەیاند، لە 7 مانگی رابردوودا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ لە تاران 47% زیادی کردووە.
 
جەعفەر تەشەکوری هاشمی گوتی، ساڵی رابردوو لە 7 مانگدا 353 کەس لە شاری تاران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام ئەم ساڵ لە هەمان ماوەدا ژمارەی قوربانیان بۆ 517 کەس بەرزبووەتەوە.
 
دەشڵێت: "ئێرە غەززە نییە، سوودان نییە و گۆڕەپانێکی جەنگیش نییە. ئێرە شارێکە کە خەڵک بەیانیان بە هەزاران هیواوە لە ماڵەکانیان دەردەچن بۆ ئەوەی نانێکی حەڵاڵ ببەنەوە ماڵەوە. بەڵام مانگانە 90 کەس و تێکڕا رۆژانە سێ کەس لەم شارە بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن."
 
سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و گواستنەوەی ئەنجوومەنی شاری تاران ئاماژە بە پلانەکانی شارەوانی بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ دەکات و دەڵێ، شارەوانی لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا سەرکەوتوو نەبووە.
 
جەعفەر تەشەکوری هاشمی دەڵێت: "لە پلانی چوار ساڵەدا وامان دانابوو ساڵانە بە رێژەی 5% رووداوەکانی هاتووچۆ کەم بکرێنەوە. بە پێی پلانەکە دەبوو ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ 20% کەمتر بوونایە، بەڵام ئێستا بە رێژەی 70% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە و ژمارەی قوربانیانیش نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە."
 
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2025، دادپزیشکیی ئێران ئاماری 6 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە وڵاتەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025، 10 هەزار و 414 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 202 هەزار و 145 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون.