نرخی باج لە ئێران 2 لەسەد بەرز بوەوە


رووداو - ئێران

بە پێی یاسای ئێران هەمووساڵێک نرخی دانی باج دیاریدەکرێت و یەک لە سەد بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەپێی بڕیاری پەرلەمان، نرخی دانی باج لە ساڵی 2015 بۆ دوو لە سەد زیادکرا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوو، بەرپرسانی رێکخراوی باجی ئێران، لەسەر ئەوە پێداگر بوون، کە نرخی باج بۆ ساڵی داهاتوو بەرزنابێتەوە و نرخەکەی لەسەر 8 لەسەد دەمێنێتەوە، بەڵام گەڵاڵەی بودجەی ساڵی 2015 بازاڕی کاری تووشی سەرسوڕمان کرد.

لە رێژەی دیایکراوی 8 لە سەدی، 7 لەسەدی وەک باجی گشتی و 1 لە سەدیش بۆ کەرتی تەندروستی دیاریکراوە.

بەپێی یاسای بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدان، نرخی باج دەبوو لەساڵی 2015 بکرابایە بە 8 لەسەد، بەڵام 2 ساڵ پێش کۆتاییهاتنی بەرنامەی پەرەپێدان لە بودجەی ساڵی 2014 دا ئەو رێژەیە واتە 8 لەسەد دیاریکرا.

بەو پێیە شارەزایانی بواری ئابووری ئەو پێشبینییەیان نەدەکرد کە لە ساڵی 2015دا نرخی باج زیاد بکرێت، ئەوەش لە هەلومەرجێکدا کە دۆخی ئابووری ئێران لە داکشاندایە و بەرزبوونەوەی نرخی باج، کەرتە جیاجیاکانی ئابووری لەگەڵ گرفت رووبەڕوو دەکاتەوە.

عەلی رەزا تاری بەخش، جێگری رێکخراوی باج پێشتر رایگەیاندبوو کە بەرزکردنەوەی نرخی باج بەجێ نییە و تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە سەرەتا نرخێکی بەرزیان بۆ دانی باج دیاریکردبوو، دواتر کەمیان کردووەتەوە.

بە گوتەی بەرپرسی ژووری پیشەیی، بازاڕ هەڵگری ئەو رێژە نییە و ئەوەش دەبێتە هۆی رووخانی بازاڕ.