ئێران؛ شارەزایان لەبارەی هەرەسهێنانی ئابووری هۆشداری دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
دۆخی ئابووریی ئێران شڵەژاو و ناسەقامگیرە، لەگەڵ بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخەکان، هێزی کڕینی خەڵک کەمتر دەبێتەوە و شارەزایان لەبارەی هەرەسهێنانی ئابووری هۆشداری دەدەن.
حوسێن عەبدۆ تەبریزی، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆیە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەو بودجەیەی بەڕێز سەرۆککۆمار باسی دەکات بنێردرێتە پەرلەمان و لە چوارچێوە سەرەکییەکەیدا نەمێنێ، هەروەها ساڵی داهاتووش هەڵاوسانی 60٪مان هەبێ، لە پراکتیکدا جۆرێک لە بێ متمانەیی لە بەرامبەر پارەکەمان دروست دەبێت. نەمانی متمانەش واتە ئێمە دۆلاریزە دەبین، واتە هەموو مامەڵەکان بە دۆلار دەبێت. بەو جۆڕەش نییە کە لە هەڵاوسانی 60٪ـەوە بگەین بە 70٪، بەڵکو لەوانەیە هەڵاوسانەکە لەناکاو بگاتە 2000٪ یان 3000٪."
بەرەی ریفۆرمخوازەکان کە پاڵپشتیکەری سەرەکیی حکومەت و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانە، لە دۆخەکە ناڕازییە و بە ئاشکرا رەخنە لە بێ پلانی حکومەت دەگرێت.
ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی ریفۆرمخوازی ئێران بە مەسعود پزیشکیان دەڵێت، "بەڕێز سەرۆککۆمار، هەڵاوسانی درێژخایەن خەڵکی ئێرانی ماندوو کردووە، خوانەکان بچووک و ئاسایشی دەروونی کەم بوونەتەوە، داهاتووش بووەتە مایەی دڵەڕاوکێ".
گەمارۆکان لەگەڵ خراپیی داڕشتنی سیاسەت و کورتهێنانی بودجە، هیوا و متمانەی خەڵکیان نەهێشتووەتەوە. خەڵک تووڕەن و حوکمڕانی لەم دۆخەدا و بەم شێوەیە بەردەوام نابێت.
پەرلەمانی ئێرانیش هاتووەتە سەر هێل و دەڵێت، چاودێرییەکانی بەسەر حکومەت و ئەدای وەزیرەکانەوە زیاتر دەکات.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان میوانداریی وەزیرانی ئابووری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجە دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی توانای کڕینی خەڵک، چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەی کۆبۆنی خۆراک و کۆنترۆڵکردنی هەڵبەز و دابەزی نرخی دراوە بیانییەکان تاوتوێ دەکرێت.
حکومەت دان بە زۆریی کیشەکاندا دەنێت، بۆ چارەسەرکردنیشیان داوای هاوکاری لە هەموو خەڵک و لایەنەکان دەکات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "من هەڵاوسانم دروست کردووە؟ هۆکارەکانی زۆرن کە پێویستە کۆنترۆڵی بکەین. بۆ کۆنترۆڵکردنیشی پلانمان هەیە و خەریکی جێبەجێکردنی پلانەکەین. بەڵام ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوە دەکات دەتوانێ لە ساڵێک و دوو ساڵدا کێشەکە چارەسەر بکات، با بێت و چارەسەری بکات. دەستی ماچ دەکەین. تەنانەت ئەگەر دژە شۆڕشیش بێ."
هاوکات لەگەڵ کەڵەکەبوونی کێشە ئابوورییەکانی ئێران، بەهای تمەنیش بەردەوامە لە دابەزین. ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر قووڵتربوونی قەیرانی ئابووریی وڵاتەکە.