بەهۆی پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان؛ ئێران دۆسیە بۆ 15 ئەکتەر و وەرزشوان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی تاران دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ 15 کەسایەتیی ناسراوی وەرزشی و هونەری دەکاتەوە، میدیای فەرمیی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، هۆکارەکە پشتیوانیی ئەو کەسانە بووە لە خۆپێشاندانەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026، میدیای فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەوە رایگەیاند، بڕیاری لێپرسینەوە بۆ 15 ئەکتەر و وەرزشوان دەرچووە، ئەوەش بەهۆی هەڵوێست و پشتیوانییان لە خۆپێشاندانەکان، بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی 8 و 9ـی ئەم مانگە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سوپا، جگە لەو 15 کەسایەتییە، دۆسیەی یاسایی بۆ 10 کەس لە واژۆکارانی بەیاننامەی "خانەی سینەما" و 60 شوێنی کاسبی (کافێ) کراوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا پاساوی حکومەتی ئێران بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ئەوەیە کە "لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی 8 و 9ـی مانگ لە تاران، ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و زیانێکی زۆری ماددی کەوتووەتەوە."
ئەم هەڵمەتەی دەسەڵاتی داد لەسەر راسپاردەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی بە "پشتیوانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ"ـی رووداوەکان تۆمەتبار دەکرێن. ئاماژە بەوەش کراوە، جگە لە کردنەوەی دۆسیە، داواکاری گشتیی تاران فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی بەشێک لە تۆمەتبارانیشی دەرکردووە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران رۆژی 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیانپێکرد و دواتر زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو دوێنێ دووشەممە 19-01-2026، کوژرانی زیاتر لە چوار هەزار کەس و دەستگیرکردنی زیاتر لە 26 هەزار کەس پشتڕاست کراوەتەوە.