عەباس عێراقچی: لایەنی ئەمریکی داوای نەکردووە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنین


رووداو دیجیتاڵ 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە وڵاتەکەی و ئەمریکا. 
 
عێراقچی وێڕای دەربڕینی گەشبینی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، هۆشداری دا کە زمان و هەڕەشەی سەربازی بەرامبەر وڵاتەکەی سوودی نابێت.
 
دانوستاندنەکانی جنێڤ
 
عێراقچی گوتی، گفتوگۆکەی رۆژی سێشەممەی جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باش بوو و گوتی: "ئێمە لەسەر کۆمەڵێک بنەما بۆ دانوستاندنەکانمان گەیشتینە رێککەوتن. ئێستا لە هەردوولا داوا کراوە کە رەشنووسی رێککەوتنێک ئامادە بکەن تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر زمان و وردەکاریی دەقەکە بکەین."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، ئێران پێشنیازی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردبێ یان ئەمریکا داوای "سفر پیتاندنی" کردبێت. عێراقچی گوتی: "ئێمە ئێستا تەنیا باس لەوە دەکەین چۆن دڵنیا بینەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە ئاشتییانە دەمێنێتەوە لە بەرامبەر لادانی سزاکاندا."
 
بژاردەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی 2025
 
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە." 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو)ی مانگی حوزەیرانی 2025ی ئەمریکا کرد، کە ناوی هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئەمریکایە بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و گوتی: "پار هێرشێکی زۆر گەورە کرایە سەر دامەزراوەکانمان و زاناکانمان شەهید کران، بەڵام نەیانتوانی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان لەنێوببەن، چونکە ئەمە تەکنەلۆژیایەکی نێوخۆییە و لەڕێگەی بۆردوومانەوە لەنێو ناچێت. تەنیا دیپلۆماسی چارەسەرە."
 
دۆسیەی ناوخۆ و ئاماری کوژراوان
 
سەبارەت بە نارەزایەتییەکانی کۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو و سەرەتای مانگی 1ی ئەم ساڵی ئێران، عێراقچی ئامارە رۆژئاواییەکانی رەتکردەوە و گوتی: "ئەو راپۆرتانەی دەڵێن 30,000 کەس کوژراون، دوورن لە راستی."
 
 بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ژمارەی کوژراوان بە وردی سێ هەزار و 117 کەس بووە و حکومەت ناوی هەموویانی بڵاوکردووەتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران جیاکاری لەنێوان خۆپێشاندەران کرد و گوتی: "خۆپێشاندانەکان لە 28ی کانوونی یەکەم تاوەکو 7ی کانوونی دووەم ئاشتییانە بوون، بەڵام لە رۆژانی 8، 9 و 10ی کانوونی دووەم، گرووپە تیرۆریستییەکان کە لە دەرەوە رێبەرایەتی دەکران، دەستیان بە کوشتنی پۆلیس و سووکایەتی بە تەرمەکان کرد، بۆیە هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون رووبەڕوویان ببنەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێستا ئارامیی تەواو لە هەموو شارەکاندا هەیە.
 
پەیام بۆ ترەمپ و کۆنگرێس
 
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، عێراقچی پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی کۆنگرێس کرد و رایگەیاند: "ئێران گەلێکی خاوەن شکۆیە. ئەگەر بە زمانی رێز قسەمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش بە هەمان زمان وەڵامتان دەدەینەوە. بەڵام ئەگەر بە زمانی هێز و هەڕەشە بدوێن، ئێمەش بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەین."
 
عێراقچی گوتی، کۆبوونەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران نەک یارمەتیدەر نییە، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و داوای کرد رێگە بدەن دیپلۆماتەکان کارەکانی خۆیان بکەن تاوەکو لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە ئەنجامێکی گونجاو.