ئێران رێگری لە هاووڵاتییانی دەکات بچنە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەوکاتەوەی لە 28ـی شوبات جەنگ دەستیپێکردووە، ئاماری چوونی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ تورکیا نزیكەی 33٪ کەمی کردووە، چونکە تاران رێگری لە چوونە دەرەوەیان دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 20-03-2026 وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: "لە سەرەتای جەنگەکەوە، هاووڵاتییانی ئێمە دەتوانن بێ هیچ سنووردارکردنێک بچنە ناو ئێران، بەڵام ئێران کۆتوبەندی خستووەتە سەر هاووڵاتییانی خۆی و رێگەیان پێنادات بێنە لای ئێمە." چیفتچی ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئەم بڕیارە بە وردی لە کەیەوە دەستیپێکردووە.
لە دەروازەی سنووریی (کەپیکۆی) لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا ئێرانییەکان دەیانتوانی بچنە تورکیا، بەڵام ژمارەیان زۆر کەم بوو. وەزیری ناوخۆ روونی کردەوە، "لە کاتێکدا هاتنی ئێرانییەکان یەک لەسەر سێ کەمی کردووە، لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو ئێرانییانەی لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، زیادی کردووە."
تورکیا و ئێران خاوەنی 500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشن و سێ دەروازەی سەرەکییان هەیە. لە رۆژی 2ـی ئادارەوە هەردوولا رێککەوتن کە گەشتە رۆژانە کورتخایەنەکان رابگرن. چیفتچی جەختی کردەوە، "بە وردی چاودێریی دەروازەکان دەکەین و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی ئەمنی لەسەر سنوورەکان نییە."
تورکیا 4ـی ئادارەوە هیچ ئامارێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە، کە ئەو کات رۆژانە دوو هەزار کەس لە هەردوولاوە هاتووچۆیان دەکرد.
وڵاتانی دراوسێی ئێران لە سەرەتای جەنگەوە ترسیان هەبوو کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی پەنابەران، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بە سەر جەنگەکەدا، تاوەکو ئێستا کارێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە.
ئێستا زیاتر لە 74 هەزار ئێرانی بە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و نزیكەی پێنج هەزار پەنابەر لە تورکیادا دەژین.