سوپای ئیسرائیل: 12 ناوچەی تارانمان بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێ، لە زنجیرەیەک هێرشدا بۆ سەر تاران، 12  کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەک، کۆگەی چەک و ناوەندی سەربازی لە تاران کردووەتە ئامانج.
 
هێرشەکان بەیانی ئەمڕۆ هەینی کراون و سوپای ئیسرائیل دەڵێ، لەم هێرشانەدا دەیان ژێرخانی سەربازییان لەنێوبردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، چەندین کارگە و شوێنی دروستکردنی مووشەکی بالیستی لە تاران بە ئامانج گیراون. 
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، لە رۆژهەڵاتی تارانیش چەندین سەکۆی تایبەت بە هاویشتنی مووشەکی  بالیستی کردووەتە ئامانجی کە هێزەکانی ئێرانیشی تێدابوون.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دا هاتووە، "دوای لەنێوبردنی کارگە و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی بالیستی لە رۆژئاوای ئێران، ئێستا ئێران پەنای بۆ هاویشتنی مووشەک لە ناوەندی وڵاتەکەیەوە بردووە."
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە "لە زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر یەکە مووشەکییەکان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی ژمارەی هاویشتنی مووشەکەکان بۆ ئیسرائیل دەگەیێنینە کەمترین."